بچۆ با تۆیش لای خێمەکە دەرکەوی!

نالی پێنجوێنی

یەک مانگ لەمەوپێش



نالی پێنجوێنی

مامۆستا و مووچەخۆران مافی خۆیانە بۆ پێنەدانی مووچەکانیان خۆپیشاندان بکەن و مانبگرن. دەسەڵاتێك مووچەی فەرمانبەرانی پێنەدرێ، دەسەڵاتێکی شکستخواردووە. کاتێك حکومەت بەهۆی گەندەڵییەوە، بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیی، بیانوو بە دەست بەغداوە دەدات و کێشە و گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەکات، باکی بە نەبوونی و ژیانی کولەمەرگی و برسیکردنی خەڵك نییە. لەولایشەوە، دەسەڵاتداران شاهانە دەژین و خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارن. ئەوسا باسی کوردایەتی دەبێتە چیرۆکێکی گاڵتەئامێز و پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەت و مۆراڵی دەسەڵاتداران دروست دەکات.

مامۆستایان و هاوڵاتیانی ناڕازی مافی خۆیانە بچنەپاڵ خێمەی مانگرتووەکان و  هەڵوێستیان هەبێت. بەڵام کاتێك کەسانێکی دەسەڵاتدار، کە خۆیان و حیزبەکانیان هۆکاری دروستبوونی ئەو بارودۆخەن، بەیاننامەی پشتگیری بۆ مانگرتووەکان دەنێرن یاخود ئەو حیزب و چالاکوان و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانەی لەبەرەی ستەمکار و مووچەدزان بوون و هەن، سی ساڵە خزمەت بە حیزبەکانیان دەکەن و لەکاتی هەڵبژاردن حاڵیان لێدێت و بانگەشە بۆ گەندەڵکار و شکستخواردووان دەکەن. چۆن ڕوویان دێت و تەریقنابنەوە کاتێك دەچنە ناو خێمەی مانگرتووەکان و بەیاننامەی پشتگیرییان بۆ دەنێرن و چەپکەگوڵیان پێشکەش دەکەن!؟ یاخود بەخوێندنەوەی وتار و شیعری حەماسی خەریکی خۆنواندنن. ئەو جۆرە خۆدەرخستنانە، ناچێتە خانەی دژایەتی ستەمکار و داکۆکی لە ستەملێکراو و مافخوراوان. بەڵکو نیشانەی دووفاقی و هەلپەرستین و ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەوانە کەسانی بێ شەرم و ڕیابازن.

جەمالەدینی ئەفغانی دەڵێت:

ئەو نەتەوەیەی بە نهێنی و لە پشتەوە قسە بەدەسەڵاتدارەکانی دەڵێت و لە بەرەوڕوودا گوێڕایەڵییان دەکات، شایستەی ژیان نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار