دادگای فیدراڵی ١١ی شوبات وەک وادەی تانەدان لە دژی سێ یاساکە دیاری دەکات
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/%D9%A1%D9%A2.png)
دوێنێ
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی شوبات وەک وادەی تانەدان دیاریکرد کە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاساکە پێشکەشکرابوون.
لە بەیاننامەیەکی دادگاکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو ڕۆژی 11ی شوباتی وەک وادەی تانەدان داناوە کە لە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی خانووبەرە) پێشکەشکراون.
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەرکردبوو.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت یاساکانی لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تائێستا لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکراونەتەوە و نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆیەش ناکرێت فەرمانی سالارییان بۆ ڕاگرتنی کارپێکردنیان دەربچێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دەستوورییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن.
ڕۆژنامەی شەرقلئەوست لە سەرچاوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەمەبەستی دەرفەتدان بە دادگای فیدڕاڵی دواخراوە تا چارەسەرێک بۆ ئەو فەرمانە سالارییەی بدۆزێتەوە کە بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە سێ یاسا دەریکردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا لایەنەکان کار بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە کەم وێنەیە دەکەن کە بەهۆی سێ یاساکە لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدڕاڵی ڕوویداوە، لایەنەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەتایبەتی دەیانەوێت چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو ناکۆکییە بدۆزنەوە کە بۆ خوێندنەوەی دەستوور دروستبووە.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)