وردەکارى سکاڵاکەى لەتیف ڕەشید لەسەر سودانى و تەیف سامى

24 كاتژمێر لەمەوپێش



لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى سکاڵاکانى خستەڕوو.
ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، سکاڵاکەى سەرۆک کۆمار، لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون.
 
هاوڕێ تۆفیق وتى: داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە سکاڵاکەیان دا داوایان کردووە دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکات بە پەسندکردنی مادەی 12، بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەوە کرا.
 
رۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجە دا. مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو ماددەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە.
هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەتیف رەشید "پەرۆشی دۆخی مووچەخۆران و سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان لە هەموو عێراق، بۆیە ئێمەی راسپارد بۆ داکۆکی لە مووچەخۆران، ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین".
ئەمڕۆ 13 رۆژە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە. هاوڕێ تۆفیق باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار داوای کردووە، دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و تەواوی مانگەکانی داهاتوو پابەند بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار