لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٥"

عەبدولڕەزاق شەریف

4 هەفتە لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

   لە یەکەم مانگی بەرپرسیارێتی میدیای گۆڕانەوە، بە چەندین رێگەی جیاواز، رێگری و کێشەیان بۆ دروستدەکردین. بەرپرسی ژوری کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەکە دەیویست ئەو یەکە کارگێڕی و ژمێریارییەی دروستمانکردوە تێکیبداتەوە! بۆ ئەو ئامانجە تۆمەتی ناماقوڵ و بوختانی ئاشکرای بەنەزانی بە هەمو لایەکدا بڵاو دەکردەوە.  هەرچی ڕێگەی ناشرین و ململانێی نابەجێیە گرتبوویەبەر. بە بیانوی نەبوونی پارە و بێ توانایی دارایی، باسیان لە داخستنی تەلەفزیۆنی "ک ن ن" دەکرد، کەوتنە لێبڕین و دواخستنی پشتیوانی دارایی و بە هەرحاڵێک هەتا مووچەی کارمەندەکانیان خەرج دەکرد.

 لەو بێمنەتی و کارکردن و پەرۆشییەی ئێمە بە گومان بوون.

 قادری حاجی عەلی، بۆ دانیشتنێکی تایبەت بانگیکردم، باسی لە دوو پسوڵەی خەرجیی زیادەی من کرد و وتی:

+ ڕاستە ئەم خەرجیانەت کردووە؟

 یەکەمیان داوەتێکی میدیای گۆڕان بۆ ژمارەیەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دەرەوەی میدیا کە "٣٥٠" سێسەدوپەنجا هەزار دیناربوو، ئەویتریان کڕینی چاکەتێک کە نرخەکەی "٢٦٠" دۆلار بوو .

وتم: بەڵێ ئەو داوەتە بۆ دوانزە کەس کراوە، خۆم پێمخۆشبوو بزانن میدیای گۆڕان بەوکارە هەستاوە بۆیە داخڵمانکردووە! بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر لە یەک ملیۆن دیناری تێچوو، من تەنیا خواردنەکەم داخڵکرد، باقییەکەی ناچێتە ئەبوابی خەرجی چاودێری داراییەوە بۆیە لە گیرفانی خۆم خەرجمکرد. پسوڵەی کڕینی چاکەتەکەش ڕاست نییە! ئاگام لێی نییە! بەڵام ئەم باسە بۆ؟ چی هەیە لای تۆ؟

 وەڵامی پرسیارەکەی منی نەدایەوە، تەلەفۆنێک و چەند دەقیقەیەکی کەم و "ئاواتی شێخ جەناب" هاتە ژوورەکەی، وەڵامەکانی منی پێ وت؛ بەڵام ئاوات بەدڵنیایی و متمانەی تەواوە وتی: (هەردوو پسوڵەی خەرجییەکەم لایە).

 لەسەرەخۆ ڕووم لە ئاوات کرد و وتم :

تۆ لە یەکەم ڕۆژەوە لەبەر هەر هۆکارێک بێت کە نازانم، لە ئیشی من ڕازی نەبویت و ململانێ و هەوڵی شکاندنمان ئەدەیت! بەڵێن و بەڵێنی پیاو کاک قادر شایەت بێت، گەر پسوڵەی خەرجی چاکەتەکەت هێنا و بەناوی منەوە و من لەسەر بزوتنەوەکە کڕیبێتم ئیستیقالەکەم بدەمە دەستی خۆت.

 هەرزوو، قادری حاجی عەلی وتی دەی ئاوات قسەی بڕیت بڕۆ پسوڵەی خەرجیەکە بهێنە .

 ئاواتیش وتی  پسوڵەکەم بۆ کاک نەوشیروان ناردووە .

 هیچ پێم سەیرنەبوو ئەو گرووپگەلەی لەناو یەکێتییەوە بووبوونە گۆڕان خۆیان و نەوشیروان مستەفا بەو شتە لاوەکی و بچوکانەوە مەشغوڵ بکەن؛ چونکە لەناو یەکێتیدا هەمویانم ناسیبوو بەڵام پێم ناخۆش بوو کۆمەڵێک گەنجیان فێری اپۆرت نووسین و درۆ و تەزویر و ململانێی ناشەریفانە کردبوو!

 چوومە ژمێریاری میدیا، وتم خەرجییەکانی خۆم و هەموو بەڕێوەبەرەکانی تەلەفزیۆنەکەم بۆ تەماشا بکەن (دەمزانی لە داتاکانیاندا هەیە) بزانن بەناوی منەوە چی کڕدراوە یان بگەڕێن پسوڵەیەکی خەرجی "٢٦٠" دۆلاری هی کێیە؟

 لە یەکەم کاردانەوەدا بەڕێوەبەری ژمێریاریی وتی: (هیچ خەرجییەکی شەخسی تۆمان لانییە و نەکراوە)، بەڵام من سووربووم لەسەر ئەوەی بە هەموو خەرجییەکاندا بچێتەوە.

 چەند سەعاتێک و بە ئیمزای بەڕێوەبەر و هەردوو کادرەکەی تری ژمێریاری ڕاپۆرتێکیان لەسەر کڕینی ئەو چاکەتە نووسی، تیایدا ئاماژەیان بە مانگ و ساڵی کڕین و خەرجی پسوڵەکە کردبوو، ساڵێک پێش هاتنی من بۆ گردی زەرگەتە بوو.

 بە دەستی خۆم لەسەر مێزەکەی نەوشیروان مستەفا دامنا و پێم وت :

- ئەم ڕاپۆرتەم هێناوە لەبەر ئەوە نییە شکایەت لە بەڕێوەبەری پێشوو بکەم، چونکە لای من ئاساییە و مافی خۆیەتی وەک هەر بێژەرێکی تر کە دەردەکەوێت، بۆ جلوبەرگ خەرجی بکات. تەنیا لەبەر ئەوە بە تیمی ژمێریاریم نووسیوە و ئیمزایان کردووە، بیستوومە ئەو پسوڵەیە بە تەزویری بۆ تۆمەتبارکردنی من بە تۆ گەیاندراوە!

وتی: ئاوات هاتبوو، قسەیەکی وایکرد و ڕاپۆرتێکی دانا بەڵام گوێم پێنەدا و سەیرم نەکردووە، سەیری ئەوەی تۆش ناکەم، من لەسەر مێزەکەی دامنا و ژوورەکەم بەجێهێشت .

   ژووری کارگێڕی بزووتنەوەکە لەچاو ساڵانی پێشوودا، نیوە کەمتری خەرجی تەلەفزیۆنەکەیان دەکێشا، لەبەر بێسەروبەری و گومانەکانم لە (داهاتی ڕیکلامی بازرگانی) میدیاکە، لە هەفتەی یەکەمەوە بە فەرمانێک هەموو جۆرە ڕیکلامێکی بازرگانیشمان ڕاگرتبوو، بۆیە هیچ داهاتمان نەمابوو، بەردەوامی کار و خەرجییەکانمان پرسیاری لا دروستکردبوون، لە ڕێگەی هەواڵدزەکانەوە زانیبوویان کە ژمێریاری میدیا پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، کەوتبوونە منەکردنی زانینی شوێن و بڕی پارەکە، ئەوکات بە ڕێنمایی وەزیری دارایی لە پشکی بزوتنەوەکە کۆی پارەکەمان لە بانکی کوردستان دانابوو؛ چونکە ڕێباز حەملان بێ ئەوەی بزانێت بڕی پارەکە چەندە وتی: تەنیا بانکێ جێگەی متمانە بێت و گرەنتی بکەم بانکی کوردستانە.

نەوشیروان مستەفا کۆتایی ئەو ساڵەی دوهەزار و پانزە سەفەریکرد.

  سەید عومەر بانگی کردم، وەک خوڵکی پێوەگرتبوو داوای لە دەستەکەی کرد کەس نەیەتە ژوورەوە، هەر بەدەستی خۆیەوە لاپەڕەی کەشفی ژمارەی بانک و حساباتی میدیای گۆڕانی لە بانکی کوردستان نیشاندام و وتی :

ئەم ژمارە بانکییە ڕاستە؟ ڕاستە ئێوە سەد ملیۆن دینارتان لە بانکی کوردستان داناوە؟

وتم: سەرەتا پێم بڵێ ئەم کەشفی بانکییە چۆن گەیشتۆتە لای تۆ؟ چونکە ئێمە فەرمانمان هەیە و بۆ بانکەکەمان ناردووە بە ئیمزای دوو کەسەوە؛ (خۆم و بەڕێوەبەری ژمێریاری) هەموو جووڵەیەک و داوایەک لەسەر ئەو ژمارە بانکییە کە بەناوی میدیای گۆڕانەوەیە بکرێت! ئەی چۆن ڕاکێشراوە و بۆتۆیان هێناوە؟ بە خۆمت بوتایە ڕاستییەکەم پێدەوتی.

لەم وەڵامەدا، مەبەستم بوو بزانم چی دەگوزەرێ، چونکە لە ڕووی قانونەوە بانکەکە ناتوانێ بەبێ ئیمزای من ڕەفتار بکات و بەرپرسیار دەبێت، بە متمانەی وەزیرەکەشمان پارەکان لەوێ داندرابوو، بەڵام سەید عومەر گوێی بەو مەسەلە قانونیانە نەئەدا و وتی :

ئاوات لێی کردووی بە هەڵا و دەڵێت پارەی لە بانک داناوە!

وتم: کاک عومەر شوێنی پارە بانکە، خۆ وەک ئاوات لە گونیەدا هەڵیانناگرم. هەموو جووڵەیەکی پارەش لە بانک ڕۆژ و سەعاتی دیاریدەکرێت و دەزانرێت و بۆ چاودێری ئاسانتر و باشترە.

 نەیدەهێشت قسەکانم تەواو بکەم و هەر دەیوت ئەو سەد ملیۆنە  کێشەی ناوەتەوە. هەموو ژووری کارگێڕی و دارایی و بانک و بزووتنەوەکەیان مەشغوڵکردووە و ئەم کەشفی حساباتەیان کردووە بە ڕاپۆرت و دەڵێن سەد ملیۆن دیناری لە بانکی کوردستان داناوە!

  ئەوسا و ئێستاش، نەمزانی کێ و بە چەند دەست و چ تۆڕێکی نهێنی ئەو کەشفی ژمارە بانکییەی ئێمەیان تەسریب پێکردبوو! نەشمویست مەسەلەیەکی ناوخۆی خۆمان بکەم بە شکایەت و دەعوا لەسەر فەرمانبەرێک و سزابدرێت. بەڵام بە وەڵامدانەوەکەم سەید عومەرم ڕاچڵەکاند، دەستی بۆ گۆچانەکەی دەگێڕا وەک ئەوەی لێی ون بووبێت یان بیەوێ بیرازم بکات، لاپەڕەکەی لە چاوی نزیک دەکردەوە و چەند جارێک دایدەگرتەوە! چونکە وتم :

بەداخەوە کاک عومەر، هەموو ئەم بزووتنەوەیە و کارگێڕی و دارایی و هەواڵگرەکانیان نەیانزانیوە ژمارەکان بخوێننەوە! ئەوە سەد ملیۆن دینار نییە بەڵکو یەک ملیار دینارە و بەناوی میدیای گۆڕانەوەیە.

  ماوەی کەمتر لە ساڵێکی تەمەنی میدیا، نەوشیروان مستەفا سەفەری یەکەمی بۆ نەخۆشییەکەی کرد .

 هەمووان داوای ڕاکێشانی پارەکەیان دەکرد، قادری حاجی عەلی بە شێوەیەکی زارەکی پابەندییەکی بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتیاریی میدیای گۆڕانی هەبوو، لە کۆبونەوەیەکی گروپی ڕاوێژدا، پێم وتن :

لەبەر چاودێری دارایی و ڕێنماییەکانیان من ناتوانم بە تەکلیف و قسەکردن پارە ڕاکێشم و تەسلیمی بکەم! فەرموون فەرمانێک لە جڤاتی نیشتیمانییەوە بۆ کەسێک وەک بەرپرسیارێتی میدیا دەربکەن، ئەوجا من دەتوانم هەرچی هەیە بیدەمێ.

هەر وایانکرد، بە ئیمزای سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی فەرمانیان بۆ قادری حاجی عەلی وەک سەرپەرشتیار دەرکرد، کۆی پارەکەمان ڕاکێشا، مووچەی مانگێکی میدیای گۆڕانمان لێدا، هەمو ئەوەی مایەوە لە گونیەدا، ڕادەستی (قادری حاجی عەلی) مانکرد.

ئەو ڕەفتارانە وایکرد، لە هەموو کۆبونەوەیەکدا باسی نەبوونی چاودێری دارایی بکەم، کە چۆن و بۆچی نیمانە و هەرگیز ڕێگەی نەکەوتۆتە گردی زەرگەتە.

 پەیوەندیشم بە دەزگای چاودێری حکومەتی هەرێمەوە کرد کە هەرچی زووە بە قیمەت یان بە هیمەت، تیمێک بۆ چاودێری خەرجییەکانی میدیای گۆڕان بنێرن. بە سوپاسی ئەوسا و ئێستاشەوە "نازەنین خان" لە وەڵامی داواکەی ئێمەدا وتی :

یەکەم جارە بەرپرسی دەزگایەک خۆی داوای تیمی چاودێری دارایی بکات! ئەوە ئەرکی خۆمانە و یاسا ڕێگەی پێداوین چاودێری حیزب و کۆمپانیاکانیش بکەین، مادام خۆت داواتکردووە، وەک بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری دارایی خۆم بەو ئەرکە هەڵدەستم. خۆشبەختانە دوای چەند هەفتەیەک لە کارکردن و تەماشا و وردبینی و پیاچوونەوە بە داهات و خەرجییەکانی میدیای گۆڕاندا، ڕاپۆرتی خۆیان نووسی.

ئەو هەنگاوە، ئەو ڕاپۆرتەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی، بە یەکێک لە شانازییەکانی ژیانی بەرپرسیارێتی خۆم دەزانم؛ کە پێش من و دوای منیش، جارێکی تر تیمی چاودێریی دارایی، گردی زەرگەتەیان نەبینییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار