ناوەڕۆکى قسەکانى مەزڵوم عەبدى لە کۆڕبەندی سەکۆ

2 هەفتە لەمەوپێش
لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کۆڕبەندی سەکۆ میوانداریدارى کراوە، لە دیدارەکەدا نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کردوە عەبدى قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
شێرکۆ کرمانج، نوسەرى دیارى کورد یەکێک بووە لەبەشداربوانى کۆڕبەندەکە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بابەتێکى لەسەر نوسیوەو ناوەڕۆکى دیدارەکەى خستوەتەڕوو، لەبەشێکیدا دەڵێت: هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. وتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەین.
دەقى نوسینەکە
جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی میوانی سەکۆ بوو
چی گوت؟ لە چەند خاڵێکدا دەیخەمەڕوو
شێرکۆ کرمانج
دوێنێ شەو کۆڕبەندی "سەکۆ" میوانداری لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کرد. لە دیدارەکە کە نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کرد، بەڕێزیان قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. دواتریش وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەبووانی بە دوورودرێژی دایە، کە بووە مایەی گفتوگۆیەکی پیشەییانە و ئەکادیمییانە. هەوڵدەدەم لێرە لە چەند خاڵێک کورتیان بکەمەوە بەڵام بە سەرنجێک دەست پێدەکەم:
سەرنجەکە
لە مێژە ڕەخنەیەکی زۆرم لە سیاسەتمەدارانی کوردستان هەیە، لەوەی کە ئامادەن چاوپێکەتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمییە ڕۆژئاوایی و عەرەبەکان بکەن بەڵام زۆر کەم لە سەکۆ و میدیا کوردییەکان دەردەکەون. مەزڵووم عەبدی پێناچێت لەو توخمە لە سیاسەتمەدارانی کوردستان بێت. ئەم هەلە دەقۆزمەوە بڵێم کە کۆڕبەندی سەکۆ دەرگای ئاواڵەیە بۆ هەموو سیاسەتمەدارانی کوردستان لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک بن، بەڵی لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئامادەین لە سەکۆ دیداری کراوە یان تایبەتیان بۆ ڕێکبخەین و هەلی قسەکردن و گفتوگۆیان بۆ بڕەخسێنین.
ڕۆژاڤا و باشوور
مەزڵووم عەبدی درکی بەو دابەشبوونە کردووە کە لەنێو ماڵی کوردییدا هەیە لە ڕۆژاڤای کوردستان. هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی بۆ هەولێر. ئەو سەردانەکەی هەولێر و ڕۆڵ و دیدارەکەی لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی زۆر بە ئەرێنی دیت و پێی وابوو کە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژاڤاـیە.
گوتیشی کە فەڕەنسییەکان هاوکارمانن لە پرس و پڕۆسەی دیالۆگی کوردی-کوردی.
ئەو گوتی ئێمە ئیش لەسەر ئەوە دەکەین کە کورد، ئەوان و ئەنەکەسە، وەک یەک گرووپ لە دانووسانەکان لەگەڵ دیمەشق بەشدار بن، بەڵام پێناچێت تا ئێستا دانیشتنەکەی بارزانی و مەزڵووم، هەروەها هەوڵەکانی فەڕەنسا هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام بەگشتی زۆر گەشبین بوو و پێی وابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی دەبێت.
مەزڵووم پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە ڕۆژاڤا یەک هێزی سەربازیی هەیە و هەر یەک هێزی سەربازیی دەمێنێتەوە و نایانەوێت هەڵەکانی باشوور لە پەیوەند بە فرەهێزی چەکداریی دووبارە بکەنەوە.
ڕۆژاڤا و ئەمریکا
مەزڵووم عەبدی گوتی پەیوەندی و هاوکاری ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان مێژوو و بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆر، داعش. هاوکات، بوونی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە گرنگ دەزانی. گوتیشی ئەمریکییەکان زیاتر لەو ناوچانە هاوکاریمان دەکەن کە ناوچەی ناکوردیین. پێدەچوو مەبەستی ئەوە بێت کە ئەو شەڕ و بەرخۆدانەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزا بەبێ هاوکاری ئەمریکییەکان ئەنجام دەدەن.
لە پەیوەند بە مانەوە و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ڕوونی نەگوت، پێناچێت هیچ شتێکی کۆنکریتیان لە ئەمریکییەکان، دوای هاتنی ترەمپ، بیستبێت لەسەر مانەوە یان دەرچوون. بەڵام گوتی ئێمە هێزێکین پێش هاتنی ئەمریکییەکان بوونمان هەبوو، بەدەرچوونی ئەمریکییەکانیش هەر دەمێنین. گوتی لەوانەیە دۆخەکە سەخت بێت بۆمان، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.
کورد و دیمەشق
مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ دیمەشق بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی کە لەسەر خەتە گشتییەکان لێک تێگەیشتنمان هەبوو، بەڵام کەم باسی وردەکارییەکانمان کرد. بەکورتی، نیواونیوی دەدیت، واتە لەلایەک باش و لەلایەک خراپ.
دڵی بە قسەکانی ئەحمەد شەرع خۆش بوو و پێی وابوو کە پێدەچێت گۆڕانکارییەک لە هەڵوێست و تێگەیشتنی ئەو کەسە دروست بووە، بەڵام هاوکات نیگەران بوو لە هەڵسوکەوتەکانی هەیئەی تەحریری شام و شەرع، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێڤەبەریا خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لایەنەکانی دیکە.
ئەو پێی وابوو کە گرووپەگەلی جیاواز، کە زۆرینەیان سەلەفی و توندڕەو و لاپەڕ و جیهانیین، لەنێو هەیئەی تەحریری شام بوونیان هەیە و ئەگەری زۆرە کە کێشە بۆ گرووپە میانڕەوەکان دروست بکەن و دەوڵەت بەرەو ئاقاری حوکمی شەریعە ببەن.
هەر لەو پەیوەندە گوتی ئەگەر بەو شێوەیەی کە تا ئێستا هەیئەی تەحریری شام ئیدارەی دەوڵەت دەدات بەردەوام بێت، بەتایبەتی بڕیاردانی تاکلایەنانە، ئەوە ئەوان بەشداری پڕۆسەی سیاسی ناکەن.
هاوکات، ئەو دەیگوت کە هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. گوتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەن.
چارەسەر چییە؟
مەزڵووم عەبدی دەڵێت کە ئەوان نایانەوێت سووریا دابەش بکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی لامەرکەزی دەتوانن چارەسەری نەک هەر پرسی کورد بەڵکوو هەموو گرووپە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە مەبەستتان چییە لە لامەرکەزی، بەڵام وەڵامەکەی زۆر ڕوون نەبوو. وا پێدەچێت ئەوەی ئەوان دەخوازن هەر جۆرێکە لە فیدڕالیزم بەڵام فیدڕالیزمێکی نانەتەوەیی بەڵکوو جوگرافی. هۆکاری ئەوەش وەک لەنێوان قسەکانی دەردەکەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی کورد نین، یان ناوچەی کوردستانیی نین.
ئەوان ڕازین بەوەی کە هێزەکانی هەسەدە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا بەڵام بە مەرجێک کە هێزەکانی هەسەدە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەبێت و گرووپێکی پەرشوبڵاو نەبن بەڵكوو لە ناوچەکانی خۆیان، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بمێننەوە. ئەم خاڵە و پرسی لامەرکەزی دووان لە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ دیمەشق. من پێم وایە، ئەگەر دیمەشق ئەوە قەبوڵ بکات ئەوە ڕێڤەبەریا خۆسەری هەنگاوی بەرەو کۆنفیدراڵی دەنێت.
مەزڵووم گوتی ئێمە پێشنیازی چەندین ساڵمان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی جێکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریا.
دڵی بەوە خۆش بوو کە فشارێکی زۆر، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوڕوپی، لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. ئەو پێیوابوو ئەم فشارانە نەبێت، یان نەمێنن، حکومەتی سووریا لەوانەیە بە ئاقاری توندڕەوی هەنگاو بنێت.
چارەنووسی داعش
لە پەیوەند بە گیراوەکانی داعش، مەزڵووم گوتی کە ئەوان بێجگە لە داعشە سوورییەکان کەسی دیکەیان دادگایی نەکردووە، بەڵكوو دەیانەوێت ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە. بەڵام پێناچێت هیچ وڵاتێک بەدەم ئەو داوایەی هەسەدە هاتبن تا ئێستا.
ئەو دەیگوت، ڕووخانی ڕژێم بووەتە مایەی بەهێزبوونی داعش چونکە چەک و تەقەمەنیان لە ئاکامی ئەو فەوزایەی سەری هەڵداوە لە سووریا بەدەستهێناوە و هەندێک کەس و لایەن پەیوەندیان پێوە کردوون.
کورد و تورک
مەزڵووم عەبدی تورکیای وەک هەڕەشەیەکی جددی وێنا دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا کە وەک ئەو دەیگوت تورکیا ئێمە بەو شێوەیە دەبینێت.
ئەو گوتی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکەیان داوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە تورکیا بکەن کە هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت.
ئەگەر تورکیا ئێمەی مەشغولی شەڕێکی لابەلا نەکردبا، ئەگەری هەبوو کە هێزەکانمان جووڵەیان بکردابایە بەرەوە دیمەشق، مەزڵووم ئاوا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەو پەیوەندەدا.
تاکە گەشبینییەک لە پەیوەند بە کێشە و ململانێکان و پێکدادانەکانیان لەگەڵ تورکیا کە مەزڵووم عەبدی هەیبوو پڕۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا. ئەو پێی وابوو ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بەروپێش بچێت ئەوە ئەگەری زۆرە هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ئەوانیش بگۆڕێت.
لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ئەکادیمییانی کوردستان و ڕۆژئاوا کرد کە بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێت و گونجاوە فشار لەسەر حکومەتەکانی خۆیان بکەن هەم بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤا هەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕناگێزییەکانی تورکیا و تاکڕەویی لە دیمەشق.

