دادگا فیدراڵی سکاڵایەکى لەسەر هەرێم رەتکرەوە لەسەر چەند سکاڵایەکى تر گفتوگۆدەکات

2 مانگ لەمەوپێش
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە سەرۆكایەتی دادوەر محەمەد جاسم عەبود، لەکۆبوونەوەو گفتوگۆدایە، لەبارەی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە؛ دادگاکە بڕیار لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەدات، پێش ئەم دانیشتنە، ئەو سکاڵایەى لەیەر هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوباتى 2025، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە پێمان راگەیێنرا کە سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو وەزارەتە رەتکراونەتەوە.
سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکرا بوون و پاساوەکانى بۆ ئەو دوو داوایە، پشتبەستن بوو بە هەردوو مادەى 103 و 104 ى دەستوور کە دەبێت ئەو جۆرە دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت.
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان وتى: "دانیشتنى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى بووە، ئێمە لە وەڵامنامەکاندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەوە پرسێکى دەستوورى نییە تاوەکو لەو دادگەیە تانەى لێ بدرێت و لە تایبەتمەندی دادگەى فیدڕاڵى نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکانمان پێ رانەگەیێنراوە".
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 2007 پێکهێنراوە، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستانیش بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە.
ئێستا دانیشتنى دادگاى فیدراڵى بەڕێوەدەچێت کە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تانانەی کە لە دژی سێ یاساکە پێشکەش کراون.
