وردەکارى بڕیارەکانى دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سێ یاساکە
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/242.png)
22 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتى
دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و کار بە یاساکە بکرێت، ئەو سکاڵایانەى دژی سێ یاساکە ڕەت بکاتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، بە مەبەستی تاوتوێی کردنی کۆمەڵێک سکاڵا لەوانەش سکاڵا دژی سێ یاسا کە ئەوانیش گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆبوویەوە.
رۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەریەک لە پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، پەسند کرا.
پڕۆژە یاسای باری کەسێتی لەلایەن کوتلەکانی شیعە، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سوننەکان و ھەروەھا پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن فراکسیۆنە کوردەکانەوە پێشکەش کرابوو.
ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەک، (فەرمانی وەلائی) بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسانە، دەرکرد.
دادگاکە بڕیاریشی دابوو کە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر یاساکان یەکلا دەکرێتەوە، کار کردن بە هەر سێ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی هەڵپەسێردرێت.
ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناڕەزایەتی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی وڵاتەکەی لێکەوتبوویەوە و بە "نایاسایی" وەسفی کرد.
ڕاگرتنی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ ناڕەزایەتی کورد و لێخۆشبوونی گشتییش ناڕەزایەتی سوننەکانی لێکەوتبوویەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای تاوتوێ کردنی سکاڵاکان، بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و لەمەولاوە کار بە یاساکە بکرێت.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/photo_2025-02-10_21-20-43.jpg)