ئەسعەد شیبانی: بەم نزیکانە سەردانی عێراق دەکەم

4 هەفتە لەمەوپێش
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە پێکدەهێنرێت، هاوکات ئاشکرای کرد، بەمزووانە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و چەندین پرسی هاوبەش تاوتوێ دەکەن.
لە کۆڕبەندێکدا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی حکومەتی جیهانی لە دوبەی، ئەلشەیبانی ڕایگەیاند، “ئەو حکومەتەی لە سەرەتاى مانگی ئازاری داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، تا بتوانرێت نوێنەری گەلی سوریا دەبێت و ڕەچاوی فرەچەشنییان دەکات، هەروەها دەمانەوێت گەلی سوریا هەست بە متمانە بکات بۆ حکومەتەکە.
دوای دوو ڕۆژ لە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8ی کانونی یەکەم، ئیدارەی نوێی دیمەشق، محەمەد بەشیر کە ئەوکات سەرکردایەتی حکومەتێکی لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکرد، تا 1ی ئادار سەرۆکایەتی حکومەتێکی چاودێرانی ڕاسپاردبوو.
ئەلشەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا “هاوبەشی گۆڕانکارییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو ئەو گۆڕانکاری و هەموارکردنانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە نەخشەڕێگای سیاسی کردوومانە، دەرئەنجام و ئیلهام وەرگرتن لە ڕاوێژکردن لەگەڵ پێکهاتەکان کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون و هەروەها لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆشەوە هاتوون”.
شەیبانی لەبارەی عێراقەوە وتییشى "لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا لەگەڵ هەر وڵاتێک رێز لە سەروەرییان دەگرین. لە دەرگاوە دەچینە نێو ماڵەکانەوە. پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە، جگە لە رێز و خۆشەویستی هیچی دیکەمان نییە."
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناکەوینە داوی هەندێک، کە هانی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن لەنێوان حکومەتی نوێی سووریا و عێراق. وتیشى: پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی فەرمی و دیپلۆماسی بنیات نراوە. پەیوەندییەکی نایابمان هەیە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم پێگەیشتووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەم، شەرەفمەندم و بەمنزیکانە سەردانیان دەکەم.
دوای ئەوەی لە ٢٩ى مانگى ڕابردوودا وەک سەرۆک کۆمار ڕاگەیەندرا، ئەحمەد ئەلشەرع بەڵێنیدا "بەیاننامەیەکی دەستووری" بۆ قۆناغی ئینتقالی دەربکات دوای پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی بچووک" و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گەل.
ئەلشەرا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێویستی بە چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردن.
دوای گەیشتنی بە دیمەشق، ئیدارەی نوێ بڕیاری بەرفراوانی دا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپە چەکدارەکان، جگە لەو سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی کە لە سەردەمی پێشوودا هەبوون، هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی مەجلیسی گەل و پارتی بەعس کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەیان کردبوو.
