په‌رله‌مانی كوردستان یه‌ك دانیشتنی كردووه و په‌رله‌مانتارانیش یه‌ك مووچه‌یان وه‌رگرتووه
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-11_17-48-31.jpg)
15 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
♦️یه‌كێتی و پارتی تا ئێستا باسی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیان نه‌كردووه و ده‌شڵێن چه‌ند خاڵێكی كه‌میان ماوه له‌سه‌ری رێكبكه‌ون
♦️رۆژ به‌رۆژ قه‌یرانه‌كان رووی له ئاڵۆزی زیاتر ده‌كه‌ن، كه‌ڵه‌كه‌بوونی قهیرانهكانیش هه‌ڕه‌شه‌ی جدییان بۆ سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێم دروستكردووه
ماوه‌ی نزیكه‌ی چوارمانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تێده‌په‌رێت تا ئێستا یه‌كێتی و پارتی نه‌یانتوانییوه له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت رێكه‌وتن بكه‌ن و هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نوێ دابرێژن.
بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی 100 په‌رله‌مانتاره، تا ئێستا ته‌نها یه‌ك دانیشتنی كردووه، كه له‌لایه‌ن به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاره‌وه سه‌رۆكایه‌تی كراوه، له‌و دانیشتنه‌شدا په‌رله‌منتاران سوێندی یاساییان خواردووه و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بونه‌ته خاوه‌نی كۆی ئه‌و ئیمتیازانه‌ی پێیان ده‌درێت له باره‌ی مووچه و پاسه‌وان و شؤفێر و شوێنی نیشته‌جێبوون.
به واتایه‌كی تر بارگرانییه‌كی تریان بۆ سه‌ر قاسه به‌تاڵه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی دروستكردووه و له كۆی رووداوه‌كان و خه‌می هاوڵاتیان له مانگرتن و خۆپیشاندان له دژی نه‌دان و دواكه‌وتنی مووچه بوونی ئه‌وتۆیان نەبووە، هه‌رچی ههوڵهكانیشه بۆ ده‌ستپێكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان تا ئێستا شكستیهێناوه.
هه‌رچی یه‌كێتی و پارتیشه هه‌ر خه‌ریكی كۆبونهوهن و تا ئێستا كۆبونه‌وه‌كانیان هیچی لێ سه‌وز نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه هیچ جۆره رێكه‌وتنێك بكه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاندووه، تا ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی باسی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیان نه‌كردووه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌شڵێت چه‌ند خاڵێكی كه‌میان ماوه له‌سه‌ری رێكبكه‌ون.
به گوته‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو یان هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبونه‌وه ده‌كرێت و كۆتایی به‌و چه‌ند خاڵه‌ش ده‌هێنن.
هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن ناكۆكی سه‌ره‌كی یه‌كێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكانه، ئیتر چۆن به‌بێ باسكردنی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ته‌نها چه‌ند خاڵێكی كه‌میان ده‌مێنێت تا رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ن.
دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار مانگ له كاتێكدایه هه‌رێم رووبه‌رووی چه‌ندین قه‌یرانی جدی بوه‌ته‌وه، كۆی قهیرانهكانیش بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، نه‌په‌رله‌مان هه‌یه تا به دواداچوونی بۆ بكات نهحكومهتیش هه‌وڵی جدی داوه تا ئاستێكیان بۆ دابنێت، سەرباری هەموو قەیرانەکانیش هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی ئێستا سه‌ردانی ئیماراتیان كردووه به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له " لووتكه‌ی جیهانی حكومه‌ته‌كان له دوبه‌ی" به‌پێی به‌رنامه‌ی لوتكهكهش سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم به‌شداری پانێلێكی تایبه‌ت به تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگاریه‌كان و له‌ده‌ستنه‌دانی ده‌رفه‌ته‌كان ده‌بێت.
له هه‌رێمی كوردستانیش قه‌ران له‌سه‌ر قه‌یران روو له هاوڵاتیان ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌رفه‌ت له دوای ده‌رفه‌ت له‌ده‌ستده‌دات و نه‌توانراوه هه‌رێمی كوردستان به كه‌ناری ئارامی بگه‌یه‌نن.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-11_17-48-31.jpg)