جەعفەر شێخ مستەفا: یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە خاوی دەڕوات
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/20250213_101627.png)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
جەعفەر شێخ مستەفا: یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە خاوی دەڕوات
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا كێشە و گرفت و تەنانەت رێگریی و دەستوەردانى دەرەکى هەیە لەپرسی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت.
ئەو قسانەى جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییە باڵاکانى یەکێتى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا هات لەگەڵ رۆژنامەى زمانحاڵى حزبەکەى کە تێیدا باسى پرسی یەکخستنەوەى پێشمەرگە کردووە.
جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت "ئێستا كێشە و گرفت و تەنانەت هەندێ رێگریش هەیە، رەنگە كەسانێك هەبن بەرژەوەندیی تایبەتی لەوەدا بێت هێزی پێشمەرگە یەكنەگرێتەوە، تەنانەت دەستتێوەردانی دەرەكییش هەیە، كۆسپ و گرفت زۆرن لە بەردەم پرۆسەكەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی كە ئیمزاكراوە و بەپێی هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاكسازیی، پێموایە لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە هێزی پێشمەرگە یەكدەخرێتەوە".
جەختیشیکردەوە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە خاوی دەڕوات و كێشە و كۆسپ و گرفت زۆرن، جگە لە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان، كێشەی دیكەش هەیە، یەكێك لەوانە نەبوونی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو پرۆسەیە، كە پێویستی بەوەیە بودجەیەكی باش دابنرێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرەڕاى خاوى پرۆسەكە، جەعفەر شێخ مستەفا پێیوایە ئومێدێكی باش هەیە "هەنگاوی باشیش نراوە لەم ماوەیەدا چەند فیرقەیەك دروستكراون و بەشێكی زۆری هێزی پێشمەرگە لە ناو ئەو فیرقانەدا رێكخراون، هەر لەم ماوەیەدا دوو فەرماندەیی ناوچە دروست دەكرێن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو فیرقانە، فەرماندەیی ناوچەی یەكەم لە هەولێر و دهۆكە، ئەوی دیكەش لە سلێمانی و كەركوك و گەرمیان و هەڵەبجە و ئەم سنوورە دەبێت".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتوەتە 125 هەزار کەس، بەشێکیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکان و بەشەکەی دیکەیان بەسەر هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەند یەکە و لیوایەکی دیکەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون.
بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی 2005 لە راپرسی سەرتاسەری پەسەندکراوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەهێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-11_17-48-31.jpg)