توركیا قەیومى بۆ شارەوانی وان دانا

9 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتى

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان لەکارەکەی دوورخرایەوە و قەییومی لە جێگە دانرا.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە (15ـی شوباتی 2025) وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئۆرزان بالچی پارێزگاری وانی وەک قەییوم لە جێگەی عەبدوڵڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان دانا و لە کارەکەی دووریخستەوە. 
هەروەها دەڵێت: "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆکشارەوانی. 
 
هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک سەرۆکشارەوانی بە وەکالەت." 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خەڵکی لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. عەبدوڵڵا زەیدان، واژۆی لەسەر نووسراوی ئاگادارکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی نەکرد. 
 
لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێشکگر کرد بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و ئازارو ئەشکەنجەدانی کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و رایگەیاند؛ کودەتاکەی نیوەشەو دژی شارەوانی گەورەشاری وان گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک دراوە.

جگە لە شارەوانیی گەورەشاری وان، تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی نۆ شارەوانیی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان داندراوە.
لەنێو ئەوانیشدا هەریەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی گەورەشاری وان، گەورەشاری مێردین، سێرت، ئێله (باتمان)، دێرسیم، خەلفەتی، باخچەسەرای لە باکوری کوردستان و ئاکدەنیز لە تورکیا بەدی دەکرێن کە دەم پارتی توانیووویەتی بەدەستیان بهێنێت.
جگە لەو شارەوانییانەی کە دەم پارتی تیایاندا براوە بووە، حکومەتی تورکیا هەروەها ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئەسەنیورت لەکار دوورخستەوە و قەییومی لەجێ دانا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار