سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/yukuykyu.jpg)
9 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات.
ــ ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لەشەممەدا ئازاد نەکرێن.
بزوتنەوەى حەماس ناوی سێ بارمتەیەى ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە کە بەنیازن ئەمڕۆ شەممە 15ی مانگی دوو لە بەرامبەر ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازادیان بکەن، هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی.
ئەم کەسانە سێ ئیسرائیلین کە جگە لە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی، ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئەمریکی و ئەرجەنتینیشیان هەیە.
ئەو بارمتە گیراوانە هەروەک حەماس بڵاوی کردۆتەوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردۆتەوە، بریتین لە ساگوی دێکل چێنی کە ئەمەریکایی- ئیسرائیلیە و تەمەنی 36 ساڵ، هەروەها ساشا ترۆفانۆڤ تەمەن 29 ساڵ کە ڕەگەزنامەی ڕووسیاشی هەیە و سێیەم بارمتەش ناوی ئیایر هۆرنی ئەرجەنتینی ئیسرائیلییە و تەمەنی 46 ساڵە.
حەماس لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێگەی درێژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر خەڵکی غەززە و ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان. گروپەکە ڕایگەیاند ئازادکردنی بارمتەکان دوادەخرێت.
دواتر ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لە ڕۆژی شەممەدا ئازاد نەکرێن. هاوکات ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە حەماس بە چاوی خۆی دۆزەخ دەبینێت ئەگەر بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە.
لە کۆی ٢٥١ کەس کە لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێندرابوون، ٧٣ کەسیان تا ئێستا لە غەززە دەستبەسەرن و بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بڕیارە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە ئازادکردنی هەموو بارمتە زیندووەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ بەخۆیەوە ببینێت. قۆناغی سێیەم و کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بەپێی داتا فەرمییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەزار و ٢١٠ کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
لەبەرامبەردا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیکەم 48 هەزار و 222 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان مەدەنین، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراوی دەزانێت.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-13_17-12-57.jpg)