نێچیرڤان بارزانى: ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە

2 مانگ لەمەوپێش
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دانراوە، ئێمە ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بخرێتە ژێر هەڕەشەوە.
لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئیسناى ئێرانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران چاودێری و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن لە کەرتە جیاجیاکاندا، لەوانە ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری واژۆکراون، دەقى چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی مەسعوود پیزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانەکەی بۆ تاران، "قۆناغ و لاپەڕەیەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان" لەنێوان لایەنەکاندا.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئاژانس و ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە.
ئەوەشى وت: لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان یان ئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەهێزتر کران بۆ ئەوەی هیچ جوڵەیەک نەبێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سنوورەکانی هەردوولا هەبێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی کە رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکی ھەرێم بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران بەکاربھێنێت.
وتیشى: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بەم ڕێککەوتنە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەدەین.
