ئەم زەنگە مەترسیدارە!

7 ڕۆژ لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
ئیدی کۆهین پرۆژە رێککەوتنێکی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ ئاشکرا دەکات، کە بە گوتەی ئەو، لە ئێستادا ترەمپ دیراسەی دەکات. بەگوێرەی پرۆژەکە، ٧٠٠ هەزار فەلەستینی غەززە لە ڕۆژاڤا نیشتەجێ دەکرێن.
بەقسەی ئەو، هەرسێ لایەنی ئیسرائیلی و ترەمپ و تورکەکان لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە رەزامەند دەبن. ئیسرائیل لە فەلەستینی غەززە ڕزگاری دەبێت، ترەمپ وەک پاڵەوانێکی نێودەوڵەتی دەردەکەوێت و تورکەکانیش خەونە شەیتانییەکەیان دێتە دی، کە کۆتایی هێنانە بە ئەزمونی ڕۆژاڤا و سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی رۆژاڤا.
پرۆژەکە چەندە قابیلی جێبەجێکردنە؟
جێبەجێکردنی ئاسان نییە. بەڵام پێویستە کورد بەجدی خۆی بۆ ئەو جۆرە سیناریۆ و ڕێککەوتنە شەیتانییە ئامادە بکات. دەبێ کورد ئەمە وەک پرۆژە و تەنازولی ئەردۆغان و تورکەکان چاو لێبکات. پرۆژەکە ناوەرۆکەکەی بەمجۆرەیە: ئەردۆغان بە ترەمپ دەڵێت من فەلەستینییەکان دەفرۆشم و تۆش کوردی رۆژاڤا بفرۆشە .
ئایا کورد توانای فەشەلپێهێنانی ئەم پڕۆژەیەی هەیە؟
ڕۆژاڤا پێشتر و لە داگیرکاری سەرێکانی موناوەرەی باشی کرد و رێککەوتنە شەیتانییەکەی ئەوسای نێوان ترەمپ و ئەردۆغانی پوچەڵ کردەوە. بەڵام گورزی ئازاربەخشی بەرکەوت. گورزی داگیرکردنی سەریکانی و گرێسپی. کوردی رۆژاڤا ئێستا لەوسا هەم بە ئەزموونترە و هەم لە ڕووی سەربازییەوە توانای بەرخۆدانی زیاترە. ئەزموونی دوو مانگی رابردووی بەرخۆدانی تشرین ئومێد و ورەبەخشە.
ترەمپ هەموو کارێکی نا ئەخلاقیانەی لێ چاوەڕوان دەکرێت. بەڵام زۆرینەی ئیدارەکەی هاوسۆز و پشتیوانی رۆژاڤان و بە ماهییەتی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی ئاشنان و کەمترین متمانە و هاوسۆزییان بۆی هەیە. یەکێتی ئەوروپاش بەتایبەتی فەرەنسا، بەجدی لەهەوڵی پاراستنی رۆژاڤادایە. وڵاتە عەڕەبییەکان، میحوەری میسر و سەعودییە و ئیمارات لەپشت پەردە و ناراستەوخۆ پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەن بۆ فەشەلهێنانی پرۆژەیەکی لەو جۆرە. هێشتا رووسەکان هێزیان لە رۆژاڤا هەیە و لە نزیک فرۆکەخانەی قامیشلۆ هێزەکانییان ماون، لەوانەش تانک و فڕۆکەکانیان .
قسە و پەیامەکانی ئێدی کۆهین چەند حیسابیان لەسەر دەکرێت؟
ئەم جوویەکی بەڕەچەڵەک لوبنانییە. زیاتر وەک واجیهەی ئیسرائیل بۆ شەڕی دەروونی دژی عەرەبەکان دەردەکەوێت، زۆرجار پێش رووداوەکان کەوتووە. زۆرجار پەیام و زانیارییەکانی ڕاست دەرچوون. پێدەچێت هەندێک لەو زانیارییانەی لە دەزگا هەواڵگری و سەربازی و دیبلۆماسییەکانی ئیسرائیلەوە پێبدرێت. رۆژاڤا بەناو کێڵگەی میندا تێدەپەڕێت، تا ئێستا هەموو مینە مەترسیدارەکانی پوچەڵ کردۆتەوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە ئەمەش پوچەڵ دەکاتەوە.

