پرسی مووچە لەنێو ماف وناڕەزایەتییەکاندا

د. سەڵاح عەزیز
4 مانگ لەمەوپێش
نووسینی: د. سەڵاح عەزیز
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا
دواکەوتنی پێدانی مووچە بووە پشێوەییەک کە گوزەرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بێزار کرد، کە هەزاران لە خێزانەکان پشت بەم مووچانە دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان. ئەم دواکەوتنە بووەهۆی فشارێکی گەورەی ئابووری و دەروونی، کە پاڵنەری فەرمانبەران بوو بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ داواکردنی مافە داراییەکانیان. لە هەنگاوێکی بوێرانەدا، ١٣ مامۆستا مانیان لە خواردن گرت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە شاری سلێمانیدا، وەک دەربڕینێک لە نائومێدی و وەڕسبوونیان لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی دارایی لە هەرێمدا. وێڕای کۆتاییهێنانی مانگرتنەکە بە هەڵپەساردنی، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێشینەیەک دادەنرێت لە کاری ئاشتییانەدا دژی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی لە هەرێمدا.
ڕەگ و ڕیشەکانی کێشەکە
بۆ تێگەیشتن لەو واقعە تاڵەی کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تیایدا دەژین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەکانی کێشەکە. حکومەتە خۆجێیەکان سەدان هەزار کەسی لە کارەکاندا دامەزراند بەشێوەی ڕاستەقینە و خەیاڵی، نەک لەسەر بنەمای پێویستیی یان لێهاتوویی بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزییە سیاسییەکان. لەگەڵ هەڵئاوسانی ژمارەی فەرمانبەراندا حکومەت دەستەوەستان بوو لە خەرجکردنی مووچەکانیان، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبونی گەندەڵی کارگێڕی و داراییدا. لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکەش لە رەگوریشەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەسەڵاتداران پەنایان بردە بەر بڕینی مووچەکان لەژێر بیانووی جۆراوجۆردا، وەک بانگەشەکانی پاشەکەوتکردنی مووچە و نەبوونی پارە هاتووەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بەغداوە.
مانگرتن لە خواردن: هەنگاوێکی ئاشتیی بوێرانەیە
کاتێک ١٣ مامۆستا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، شوێنێکی ستراتیژییان هەڵبژارد نزیکی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، کە پارێزگارییەکی ڕێژەیی بۆ دابین کردن و سەرنجی میدیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڕاکێشا. ئەم هەنگاوە زیرەکانەیە کاری بە کۆمەڵی ڕێکخراوەیی دەرخست و دەنگدانەوەی فراوانی بەدەستهێنا لە نێوان چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی فەرمانبەران. پاش ١٥ ڕۆژ لەمانگرتن بە فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە گشتییەکان، مانگرتنەکە کۆتایی پێهات. بەڵام ئەو وانانە چین کە دەکرێت لەم هەنگاوە بوێرەدا کورتبکرێنەوە؟
١ــ ئیرادەی بەرگریی ئاشتیخوازانە: مانگرتن لە خواردن ئیرادەیەکی بەهێزی لە نێو هاوڵاتیانی سلێمانیدا دەرخست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکردنی مافە سەرەکییەکانیان، بەتایبەتی مافی بەدەستهێنانی مووچەکانیان بەشێوەیەکی ڕێکخراو. ئەم هەنگاوە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بەرگریکردنی ئاشتیخوازانە دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت لەسایەی بارودۆخە سەختەکاندا، بە تایبەت کاتێک داواکارییەکان دادپەروەرانە و ڕەوا بن. مانگرتن لە خواردن وەک ئامرازێکی ناڕەزایی، ڕەنگدانەوەی ئاستێکی باڵای پابەندبوون و قوربانیدانە، بە شێوەیەک ناڕازییەکان تەندروستی و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە لەپێناو سەرنجڕاکێشان بۆ پرسەکەیان .
٢ــ پشتیوانیی کۆمەڵگەی مەدەنی: بزووتنەوەکە پشتگیرییەکی فراوانی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە گشتییەکانەوە بەدەستهێنا، کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی هۆشیارییە بە گرنگی کاری بەکۆمەڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن. ئەم پشتیوانییە تەنها مەعنەوی نییە، بەڵکو دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ فشاری ڕاستەقینە لەسەر بڕیاردەران گەر هەوڵەکان بە شێوەیەکی باشتر ڕێکخران. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە هەماهەنگی هەوڵەکان و دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە نێوان هاوڵاتیاندا.
٣ــ کەمتەرخەمی حکومەت: پشتگوێخستنی داواکارییەکانی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە ڕەنگدانەوەی شکستێکی کارەساتبارە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکەدا. ئەم فەرامۆشکردنە تەنها کارگێڕی نییە، بەڵکو ئەخلاقیشە، بەشێوەیەک گەمە بە ژیان و کەرامەتی هاووڵاتیانەوە دەکرێت. کەمتەرخەمی حکومەت لە پێشکەشکردنی چارەسەری ڕیشەیی؛ ناڕەزایی و توڕەیی زیاتر دەکات لە نێوان ڕیزەکانی کارکردوواندا و دەشێت ببێتە هۆی زیادبوونی نارەزایەتییەکان لە داهاتوودا گەر مامەڵەی جدی لەگەڵ قەیرانەکەدا نەکرێت.
٤ــ بەسیاسیکردنی پرسەکە: هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنەکان هەوڵیاندا ڕووداوەکە بۆ دەستکەوتی شەخسی یان حزبی بقۆزنەوە، کە پرسەکەی لاواز کرد و لە کێشەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕی بۆ پەڕاوێکی سیاسی. ئەم سیاسەتکردنە هەوڵەکان دابەش دەکات و یەکێتی نێوان ناڕازییەکان لاواز دەکات، کە بەهانەیەک دەداتە حکومەت بۆ پشتگوێخستنی داواکارییەکان. ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ پرسەکە جەخت بخاتە سەر لایەنە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، بە دوور لە ململانێ حزبییەکان.
٥ــ پێویستیی هەماهەنگی: سەرەڕای سەرکەوتنی ڕێژەیی مانگرتنەکە، دەتوانرا کاریگەری گەورەتر بەدەستبهێنرێت ئەگەر هەماهەنگی هەوڵەکان بکرایە لە نێوان چەندین شار و گروپەکاندا. هەماهەنگی نێوان ناڕازییەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا دەشێت فشاری گەورەتر لەسەر حکومەت بخوڵقێنێت و وابکات پشتگوێخستنی داواکارییەکان قورس بێت. کاری بەکۆمەڵی ڕێکخراو کلیلی سەرکەوتنە لە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزاییەتییدا.
پێشنیارەکان:
١ــ هۆکارە ڕیشەییەکان: دەبێت شیکردنەوەیەکی ورد بکرێت بۆ ئەو هۆکارە بنچینەییانەی لە پشت قەیرانی مووچەوەن، جا گەر خراپی بەڕێوەبردن، نەبوونی دراوی دارایی، یان گەندەڵی دارایی و کارگێڕی بێت. ئەم دەستنیشانکردنە دەبێت شەفاف و ئاشکرا بێت بۆ هەمووان لەگەڵ دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان بە شێوەیەکی ڕوون.
٢ــ بەهێزکردنی شەفافیەت: پێویستە حکومەت سیاسەتی شەفافیەت بونیاد بنێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێمدا. بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی بودجە بەشێوەیەکی خوولی و ڕوون دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و حکومەتدا. شەفافییەت هەنگاوی یەکەمە بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی.
٣ــ چاکسازییە پێکهاتەییە درێژخایەنەکان: دەبێت ڕێوشوێنی چاکسازییە ڕیشەییەکان بگیرێتەبەر لە سیستەمی دارایی و کارگێڕی هەرێمەکەدا. کە کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە کارە خەیاڵیییەکان و باشترکردنی توانای خەرجییەکانی حکومەت و هەمەجۆری سەرچاوەکانی داهات دەگرێتەوە. چاکسازییە پێکهاتەییەکان دەبێت بەشێک بێت لە پلانی ستراتیجی درێژخایەن بۆ زامنکردنی سەقامگیری دۆخی دارایی.
٤ــ پاڵپشتی نێودەوڵەتی و تەکنیکی: عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەربگرن کە ڕووبەڕووی قەیرانە هاوشێوەکان بوونەتەوە. داواکردنی یارمەتی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی کاری نێوەدەوڵەتی یان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دەتوانێت پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی پێویست دابین بکات. ئەم ڕێکخراوانە شارەزاییان هەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە داراییەکان و دەکرێت چارەسەرە پراکتیکییەکان پێشکەش بکەن لەسەر بنەمای ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی تر.
٥ــ هەمەجۆری سەرچاوەکانی داهات: دەبێت هەرێم کار بکات لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوە سنووردارەکانی وەک نەوت. ئەمە پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە، وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری، کە دەتوانێت هەلی کاری نوێ بڕەخسێنێت و داهاتەکانی حکومەت زیاد بکات.
٦ــ بەهێزکردنی دیالۆگی نێوان حکومەت و فەرمانبەران: دەبێت کەناڵی پەیوەندی کاریگەر لە نێوان حکومەت و فەرمانبەراندا دابمەزرێنرێت بۆ زامنکردنی گوێبیستبوونی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. دیالۆگی کراوە و ڕاستەوخۆ دەتوانێت گرژییەکان کەم بکاتەوە و یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە هاوبەشەکان.
بەکورتی:
قەیرانی مووچەکان لە هەرێمی کوردستان تەنها قەیرانێکی دارایی نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆییە پەیوەستە بە کەرامەت و مافە سەرەکییەکانی فەرمانبەرانەوە. دەبێت حکومەت ژیرانە و شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە دا بکات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە بەپەلە و درێژخایەنەکان. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی تر کە سەرکەوتووبوون لە دەربازبوونی قەیرانەکانی هاوشێوەدا، دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ دەرچوون لەم تەنگانەیە. تەنها لە ڕێی مامەڵەی جددی و بەرپرسیارانەوە دەکرێت متمانە لە نێوان فەرمانبەران و حکومەتدا بگەڕێنرێتەوە و ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی زیاتری نائارامی و گرژییەکان.
