لە چاوەڕوانی ڕاگەیەندراوە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجالاندا
.jpeg)
ئەبوبەکر کاروانی
5 ڕۆژ لەمەوپێش
پەکەکە، مژدەی گۆڕانی تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕادەگەیەنێت؟
بریارە لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەرێز ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی مێژوویی بڵاوبکاتەوە.
ئەبوبەکر کاروانی
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پەکەکە، ڕاگەیەندراوەکەی ئۆجالان تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش دەگۆرێت. کە ئەوەش بە گەشبینی و گرەو لەسەرکردنێکی گەورە و بێ پێشینە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی دەیان ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە و ئەو بەشەی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. بەڵام پێش هەر شتێك پرسیارە گەورەکە ئەوەیە داخۆ ئەوەی بریارە سبەی بەرێز ئۆجالان ڕایبگەیەنێت، لەگەڵ دەوڵەت گەڵاڵەکراوە یاخود گەڵاڵە و نەخشەڕێگەی رێکەوتن و دەستکردنە بە پرۆسەیەك بە چرای سەوزی هەندێ ناوەندی دەوڵەت و ڕەزامەندی پارتە سیاسییەکان و ڕاوێژی دەرەکی و... گفتووگۆ لێرەوە دەستپێدەکات؟
پرسیاری گرنگی دووەمیش، پەیوەستە بە جۆر و ناوەرۆك و فۆرم و ڕەهەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە؟ بۆ نموونە، داخۆ دەگاتە دامەزراندنی هەرێمی باکوور و داننان بە کوردستان و دابەشکردنی سەروەری ناوخۆیی و گرەنتی هەموو ئەمانە بە دەستوور؟ یاخود ئەوەی باس و ڕێکەوتنی لەسەرکراوە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە و نەتەوەی دیموکرات و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەروەردە بە زمانی کوردی و هاوڵاتییەتی یەکسانە؟ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، ئەگەر دەرفەتی سەرکەوتنی تەواوی پێبدرێت، گۆڕانکاری نەك هەر لە باکوور و تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵکو لێکەوتەی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و هەندێ ڕووی پەیوەندی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەشدا دەبێت، بەحوکمی ئەوەی ئاماژەکان پێمان دەڵێن مەسەلەکە ئەگەر بە قۆناغیش بێت چەکدانانی پەکەکەش لەخۆ دەگرێت، چونکە بەبێ ئەم هەنگاوە هیچ گۆرانکارییەکی قووڵ بەدینایەت.
ئەوەی بازنە داخراوە مێژووییەکە دەشکێنێت، دەستکارییەکی بنەڕەتی ڕێساکانی گەمەکە دەکات و ئاسۆی نوێ و جددی بەڕووی چارەسەریدا دەخاتەڕوو بریاری کوردیش یەک پێدەگرێتەوە، ئەو هەنگاوەیە. پێشم وایە هەنگاوەکە لانیکەم بیرکردنەوەی جددی لێی تێگەیشتنێکی ڕاستی بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە چاوەروانکراوەکانی ناوچەکەی لەپشتەوە بێت، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر چارەنووسی پەکەکە دەبێت.
لە ڕوویەکی ترەوە، بۆ ئەوەی وێنای تورکیایەکی گۆڕاو بکەین دەبێت، ئۆجالان ئازاد بکرێت، زەمینەسازی پێنانە ناو قۆناغێکی نوێی دوای لۆزان و کەمالیزم لەسەر ئاستی سیستمی سیاسی و دەوڵەت کرابێت. خۆبەرێوەبەرێتی کوردی بەجۆرێ لە جۆرەکان بێتە دی، قەدەغە لەسەر ناوی کوردستان هەڵبگیرێت، زمانی کوردی بە فەرمی وەك زمانی پەروەردە و کارگێری و دادگا بناسرێت و هەموو ئەمە لە دەستوور و وڵاتێکی فرەنەتەوەدا دەستەبەر بکرێت.
گۆرانکاریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەوە دێتەدی، تورکیا دیدی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بگۆرێت، گرەوێکی گەورەتر لەسەر باشور بکات و کار بۆ هاوپەیمانییەتێکی ڕاستەقینە و هاوسەنگی کوردی- تورکی بکات، کە دەبێتە ڕووداوێکی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و هەوێنی گۆڕانکاری گەورە و لەدایکبوونی چارەسەر و دەرفەتی نوێ. گۆرانکاریش لەسەر ئاستی جیهاندا بەوە دەبێت، ئەم هەنگاوە ئەگەر ئامانجەکانی بپێکێت و سەری لە چارەسەری و هاوپەیمانیەتێکی نوێی تورك و کوردەوە دەربچێت، کاریگەری لەسەر ململانێی جەمسەرە جیهانییەکان پەیدا بکات. هەرچۆنێ بێت، بە گەشبینییەکی هووشیارییانەوە چاوەرێی ڕاگەیەنراوەکەی ئیمراڵی دەکەین، دوعاخوازین ئەوەی دەیبیستین و دوایی دەیبینین، ئاماژەیەکی ڕاستەقینە بێت بە گۆڕانێکی راستەقینە لە عەقڵی سیاسی زاڵی تورکدا، نەك مانۆڕێك بۆ تێپەراندنی کات و پشتسەرخستنی مەترسییەکی ستراتیژی.

