ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى بارزانی و شاندی ئیمرالی

2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت، شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان بەبارزانی گەیاندوە، ئەویش ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو.
هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە مەسعود بارزانی گەیاندوە.
هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، لەو دیدارەدا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.
هەروەها بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.
دوێنێ شەممە وەفدی ئیمراڵی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەڕێگاى وشکانى هاتنە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە پێكهاتووە لە هەریەكە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، هەروەها ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، بەردان ئۆزتورک هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) هەریەکە لە پەرلەمانتاران گولجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ.
سەردانەی وەفدی ئیمراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، درێژەدانە بەو سەردانانەی كە وەفدەكە لەدوای دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری دەستبەسەركراوی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2024وە بۆلای لایەنە سیاسییەكانی توركیاو كارەكتەرە سیاسییەكانی كورد لە باكوری كوردستان دەستیپێكردووە.
