لەکۆى 85 شارەوانى باکورى کوردستان، دەم پارتی 13 شارەوانى لەدەستداوە

2 مانگ لەمەوپێش
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ساڵی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) توانی سەرۆکایەتیی 85 شارەوانی بەدەست بهێنێت، بەڵام بە هۆی دانانی قەییوم، سەنگەرگواستنەوە و دوورخستنەوەیان 13 شارەوانى لەدەستداوە.
پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، توانی سەرۆکایەتیی 85 شارەوانی بەدەست بهێنێت، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو شارەوانییانەی بە دەستەوە نەماوە.
تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە پاساوی ئەوەی کە گوایە "پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە" هەشت سەرۆک شارەوانی کە لەسەر لیستی دەم پارتی توانییان بگەن بەو پۆستانە، لە کارەکانیان دور خستووەتەوە و قەییومی لە شوێنی داناون.
هەرچەند دەم پارتی تاکە پارتێکە وێڕای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا، بە پێچەوانەی پارتەکانی دیکە هیچ یەک لە پەرلەمانتارەکانی دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە لە دەم پارتی و سەنگەریان نەگواستۆتەوە ناو پارتەکانی دیکە، بەڵام لە سەرۆکایەتیکردنی شارەوانییەکان دۆخەکە بۆ دەم پارتی بەم جۆرە نییە.
چوار لەو سەرۆک شارەوانییەی بە دەنگی دەنگدەرانی دەم پارتی بوونەتە سەرۆک شارەوانی، دەستیان لە دەم پارتی کێشاوەتەوە و وەک کەسایەتی سەربەخۆ یان لە ڕیزی ئاک پارتی بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن. دەم پارتییش یەکێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی لە ڕیزەکانی دوور خستووەتەوە.
لە 29ی نیسانی 2024 کە هێشتا مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تێنەپەڕیبوو؛ محەمەد بەگیت، سەرۆکی شارەوانیی قەزای پیرسوس (بیرەجیک) لە پارێزگای ڕها (ئورفا) دەستی لە دەم پارتی کێشایەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو، دەم پارتی توانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سێ گەورەشار، حەوت پارێزگا، 65 شارۆچکە و 10 شارەدێی بەدەستبهێنێت.
تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتی شارەوانیی گەورەشارەکانی مێردین و وان، پارێزگاکانی جۆڵەمێرگ، ئێله، دێرسیم و قەزاکانی خەلفەتی لە پارێزگای ڕها و مکس (باخچەسەرای) لە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و هەروەها قەزای ئاکدەنیز لە پارێزگای مێرسین لە تورکیا داندراوە.
