لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٦ "

عەبدولڕەزاق شەریف

3 ڕۆژ لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

  هەموو هەفتەیەک و نیوەڕوانی هەینی لە ماڵی خۆیدا، بە عورفی خێزانە کۆنەکانی شار، ئەو رۆژەی "قەل و قوبڵی" خوانی نیوەڕوانەکەی ئەبوو؛ میوانداری تێکەڵەیەک لە چین و توێژەکانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی دەکرد.

 ئامانج، کە لەگەڵ گلەیی و نابەدڵی ئەو بۆ دەستیاوی خواردنەکانی راهاتبوو، بەردەوام لە هەوڵی رازیکردنیا بوو! هەرخۆی بەیانیان پێی دەوت بۆ نیوەڕۆ ئەمە و ئەوە ئەخۆم، دواتریش دەیوتەوە، ئەم خواردنە چییە و بۆ نایزانی ژەمێ خواردن دروستبکەیت! لە راستیدا ئامانجی زۆر خۆشدەویست، ئەوەندەی ئەیویست سەربکاتە سەری و موجامەلەی بکات؛ ئەوەندە لە خەمی خواردندا نەبوو، ئەو تەدارەکی مێز و سفرەی خواردنەی هەفتانەشی، زیاتر بۆ میوانداری بوو، دەنا زۆر خولیای چۆنیەتی تێرکردنی سکی خۆی نەبوو. خۆشترین خوانی ئەو یاپراخی سڵق، گەڵامێو و پەراسوو بوو، هەندێکجاریش خواردنە کۆنەکانی سلێمانی لە کفتە، گیپە و ئەوانیتر... 

  لەسەر نانخواردن و لەگەڵ میوانەکانیدا، پێچەوانەی  مقەڕ و کۆبوونەوە حیزبی و سیاسیەکانی، زۆر لەسەرخۆ و بە ماریفەت بوو، میوانی تازەی لە تەنیشت خۆی دائەنا، چاوی لە مێزی دورەدەست بوو، زۆرجار خۆی بەردەستی خواردنەکەی ئەکرد. کەمترین قسەی ئەکرد، سەرە داوی مەسەلە و بابەتێکی رادەکێشا، ئیتر گوێی بۆ رای ئەوانە دەگرت کە لەوێ دانیشتبوون، زۆر مەبەستی بوو ئەهلی بازاڕ و کاسبکارەکان بدوێنێت.

"رێبین هەردی" ش یەکێک لە میوانە هەمیشەییەکان بوو، هەمیشە لە گفتوگۆی نێوانیاندا، رێبین داوای میانڕەوی، پێکهاتن و مساوەمەی بزوتنەوەکەی دەکرد، ئەویش لە شۆخیدا بەردەوام بە هاوبیرە کۆنەکانی پاسۆکی دەوت :

- ئەمانە چونکە لە حیزبی بچوکدا بوون بە داوای کەم و مساوەمەی زۆر راهاتوون .

  یەکەمجار لە ماڵەکەی ئەودا "شاسوار عەبدولواحید"م ناسی، ئەو میوانێکی هەمیشەیی رۆژانی هەینی و مەجلیسەکانی "نەوشیروان مستەفا" بوو. ئێمە لە هاوڕێ کۆنەکانی کۆمەڵە و یەکێتی، بە خوڵکی جارانمان نە قسەمان لە قسەیدا ئەکرد، نە قسەیمان ڕەتدەکردەوە، بەڵام هەندێک لەو گەنجانە، شاسوار لەناویاندا، بەردەوام گفتوگۆی جدی و توند، جار ناجارێکیش ئەگەیشتە توڕەبوون، ئەویش بۆ ئەوەی بەرگی سیاسەت و حیزبایەتی لە مەجلیسەکە داماڵێ، لە سێبەری بێدەنگیەکدا، ڕووی لە کەسێکمان دەکرد و دەیهێنایەوە سەر باسی کۆمەڵایەتی و خواردنە کوردەوارییەکان.

 یەکێ لەوجارانە پرسیاری ماڵە خەزورانی منی کرد و وتی:

 - لە ماڵی "حەمە پۆلیس" دا، کفتەیەکم خواردووە لەبیرم ناچێتەوە، ئەگەر خەسوت ماوە پێی بڵێ هەفتەی ئایندە کفتەمان بۆ دروستبکات.

  هەروامکرد ... ئیتر زۆرجار کە حەزی دەچووە سەر خواردنێکی تایبەت. ئەوەندەی ئاگاداربم، ماڵی ئێمە یاخود ماڵی شاسواری رادەسپارد.

  ئەو تێکەڵاوی و هاموشۆیەی نەوشیروان مستەفا و گەنجێکی سەرمایەدار، زۆرجار وەک رەخنە و گلەیی ڕووبەڕووی دەبووەوە! "شوان محەمەد" وتارێکی رەخنەیی لەسەر ئەو هاوڕێیەتییە نوسیبوو! جارێک بەمەبەست ئەو وتارەم بیرخستەوە، لە وەڵامدا وتی :

  - کەناڵی " ئێن ئاڕ تی" وەک هی خۆمان سەیر بکەن، هەرچیەکت بۆ میدیای گۆڕان پێویست بوو لە شاسواری داوا بکە.

 دوای مەرگیشی، لە کۆتایی ساڵی دوهەزاروهەڤدەدا، لەژێر فشاری پارتی و بۆ دڵڕازیکردنی مەسعود بارزانی، سەرکردەکانی گۆڕان، بەئاگا و بێئاگا بە حوکمی پاشخانی ئەو شەڕە توندەی لە کاردانەوەی (فەرمانی دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی نەوشیروان مستەفا) بەرامبەر بارزانی هەڵمانگیرساندبوو! داوای لابردنی من و داخستنی تەلەفزیۆنی "ک ن ن" یاندەکرد، ژێربەژێر هاموشۆ و پەیوەندیان لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دروستکردبوو، دەیانزانی کە داخستنی تەلەفزیۆنەکە دەرگای رێکەوتن، پێکەوەیی و بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتدا دەکاتەوە. هەمو بیانووەکەشیان بێپارەیی و بێتوانایی خەرجی کۆمپانیای پەخشە ئاسمانییەکە بوو، کە ساڵانە زیاتر لە دوسەدهەزار دۆلار بوو.

 لە کۆبونەوەیەکی "گروپی راوێژ" دا، وتم :

+ گەر خۆمان ئەو پارەیە دابینبکەین ئێوە بە هێشتنەوەی تەلەفزیۆنەکە رازی ئەبن؟

 هەمووان رازی بوون ... تەنیا مەرجیان ئەوە بوو (گەر قەرز بێت ناتوانن بیدەنەوە).

ڕۆژی دواتر پەیوەندیم بە "شاسوار عەبدولواحید"ەوە کرد، قسەکەی نەوشیروان مستەفام بیرخستەوە و بۆ بەردەوامی کاری میدیای گۆڕان، داوای هاوکاری و پشتیوانیم لێکرد. بەتایبەت داوای پارەی ساڵێکی ئیشتراکی پەخشی ئاسمانی تەلەفزیۆنەکەمان.

 لە وەڵامدا وتی:

(پارەی دوو ساڵی پەخشەکەتان بۆ ئەدەم، من دەستگیرۆیی بزوتنەوەکەم زۆر کردووە، ناشمەوێت بۆ ناوبانگ و ناوی خۆم بەکاری بهێنم ... بۆیە مەرجم ئەوەیە جگە لە خۆت هیچ کەسێکیتر نەزانێت کە شاسوار ئەو پارەیەی داوە، کەی هەتانبوو بمدەنەوە گەر نەبوو گەردنتان ئازا بێت.)

 ئەم قسەیەی زۆر دڵخۆشیکردم، بزوتنەوەکە و میدیاکەی قەرزارباری لوتف و پیاوەتی خۆیکرد، نەمدەزانی چ وەڵامێک بۆ ئەو جوامێرییەی بدەمەوە زۆر بەپەلە وتم :

+ لەبەر چاودێری دارایی، ناکرێ ونابێت کەس نەزانێت، بۆ ڕەزامەندی، تاک و تەنیا بە "عومەری سەید عەلی" دەڵێم .

هەر ئەو رۆژە و بەپەلە ئاخاوتن و پەیام و پشتیوانی و مەرجەکەی شاسوار عەبدولواحیدم بە سەید عومەر گەیاند، بە سەرسوڕمانەوە وتی :

- بۆچی ئەو پارە زۆرەمان بۆ ئەدا؟

پێش ئەوەی هیچ وەڵامێک لە من وەربگرێت بەدوایدا، وتی:

 باشە بەناوی هەموومانەوە سوپاسی بکە و پێی بڵێ بەیانی سەعات نۆ سەردانم بکات.

 ڕۆژی دواتر، پێشوازی و سەردانەکە ڕوویدا، لەبەر پابەند بوونم بە مەرجەکەوە، بۆئەوەی هیچ کەس نەزانێت بۆ کاروباری میدیا هاتووە! من لەوێ ئامادە نەبووم .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار