بەرپرسی یەکەمی ئەم شکستە، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی

حاکم شێخ لەتیف

4 ڕۆژ لەمەوپێش



حاکم شێخ لەتیف

حکومەتی نوێی هەرێم پارتی و یەکێتی، بەهەر شێوەیەک بێت زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، ئەوە راستە و مافی ئەوانە حکومەتی نوێ پێکبهێنن وەک حکومەتی پیشوو، بەڵام حکومەتی پیشوویان حکومەتێکی شکست خواردوو بوو بە هەموو پێوەرەکان، نموونەی هەندیک لە  شکستە بەرچاوەکانیان:

١ـ  شکستهێنان لەوەی کە حکومەتی یەکگرتووی هەموو هەرێم بێت وەک ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتی ڕابردوو بەڵێنیان دابوو. بەڵکوو زیاتر دابڕان و دابەشبوونیان قوڵتر کردەوە؛ تەنانەت تاڵە مووەکەشیان پچڕاند و حیزب بێ شەرم جێی حکومەتی گرتەوە.

٢ـ شکستیان خوارد لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی کوردستان وەک لە بەرنامەی حکومەت بەڵێنیان دابوو.

٣ـ شکستیان خوارد لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی وەک ئەوەی لە بەرنامەکەیاندا هاتبوو، بە  پێچەوانەوە گەندەڵی چەندین قات زیادیکرد بەڵکو گەندەڵی بەرپرسانی هەردوو حیزب و هەردوو بنەماڵە هەموو سنورەکانی تێپەراندووە.

٤ــ شکستیان هێنا لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتەکەیان بەڵێنیان دابوو

٥ــ شکستیان هێنا لە چاککردنی خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و بەڵکوو زۆر خراپتریش بوو سەرەڕای گرانکردنی نرخەکانیان.

٦ــ سەپاندنی باج و ڕسوماتی زۆری نا دەستوری و نادادپەرورانە بەسەر خەڵکی بە گشتی و خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بەتایبەتی.

٧ــ شکستیان هێنا لە بنبڕکردنی قاچاخچێتی  و گەنەڵی لە مەرزەکان و گومرگەکان لەگەڵ چەندین شکستی تر.

دیارە بەرپرسی یەکەمی ئەم شکستە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی. لە وڵاتانی دیموکراتی و نیمچە دیموکراتی کە پۆست تەکلیفە نەک تەشریف و ئیمتیازات، کاتیک سەرۆک و جیگری سەرۆک  نەک هەر شکست بەڵکوو ئەگەر لە ئاستی پیویستیش نەبن دەست لەکار دەکێشنەوە و خۆیان رازی نابن جاریکی تر پۆستەکانیان وەربگرنەوە.

ئێستا کە حکومەتی هەرێم ئەو هەموو شکستە گەورەی تۆمار کردووە چۆن دەبێت جارێکی تر  پۆست وەربگرنەوە؟

بەڵێ پارتی و یەکیتی مافی خۆیانە حکومەت پێکبهێننەوە، بەڵام پێویستە کەسانی نوێ بن نەک هەمان ئەو کەسانەی کە پێشتر تاقی کراونەتەوە و شکستیان هێناوە. باشتریشە دوو کەس ڕابسپێردرێن بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە لە دوو بنەماڵەی دەستڕۆیشتوو نەبن. هەردوو حیزب دەبێت خەڵکی لیهاتوی وایان تێدا بێت بتوانن حکومەت بەڕێوە بەرن، سووربوون لەسەر ئەوەی کە هەردەبێ دوو کەسی بنەماڵە حکومەت پێکبهێنن جگە لەوەی سوکایەتییە بە هەردوو حیزب و کادیرانی هەردوو حزب کە ئەوان هیچ نین، ڕێگریشە لەوەی چاکسازی بکەن و دژایەتی گەندەڵی بکەن، چونکە پەرلەمان و دادگا ناتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن .

ئاخر لە سیستەمە پاشایەتییە ڕەهاکانیشدا خزمەکانی پاشا یان ئەندامانی بنەماڵە نابنە سەرۆکوەزیران یان جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیر، بەڵکو خەڵکی تر ئەو پۆستانە وەردەگرن. ئەگەر ئەم دوو بنەماڵەیە وەک سیستەمە پاشاییە رەهاکانیش بن و سەرۆکی هەردوو بنەماڵەکە  میری ناوچەکەی خۆیان بن، نابێ سەرۆکوەزیر و جێگری سەرۆکوەزیر و پۆستەکانی تر کوڕ و براو ئەندامانی تری بنەماڵەکەیان بن.

هەرێم و خەڵکی هەرێم لەو پەری باری خراپیدان. دوا هەل بۆ چاکسازی و ڕزگارکردنی ئەوەی ماوە دروستکردنی حکومەتێکی دەستوری و  شەفاف و قابیل بە لێپرسینەوە بێت، بە پێچەوانەوە  زۆر بەرەوە خراپتر دەڕۆین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار