پەرلەمانتارێکی عێراق: دەبێت ڕێکاری یاسایی دژ بەوانە بگیرێت کە پێشێلی یاسایان کردووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەو کردەوەیەی هێزەکانی سوپای عێراق لە شەناغە بەرانبەر بە جووتیارانی کورد کردوویانە، نایاساییە و تەواو پێچەوانەی دەستوورە.
ئەو پەرلەمانتارەى عێراق ئەوەشى خستەڕوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەر لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراقەوە تاوەکوو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگەدار کردووەتەوە.
وتیشى: ئەوەی لە شەناغە بەرانبەر بە جووتیارانی کورد کراوە پیشێلکردنی یاسایە و دەبێت ڕێکاری یاسایی دژ بەوانە بگیرێت کە پێشێلی یاسایان کردووە و پەلاماری جووتیارانیان داوە.

لەبەشێکى دیکەى لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات سەردانەکەیان بۆ بۆ شەناغە داکۆکیکردنە لە مافی هاووڵاتییان و یاسا. وتى: ئەوەی سوپای کردوویەتی بە تەواوەتی دژایەتیکردنی یاسایە، چونکە لە پەرلەمان بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران سێ پرۆژە یاسا دەنگیان پێ درا، کە یەکێکیان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس بووە، کە پەیوەستە بە زەوی و موڵکی هاووڵاتییان، هەربۆیە لە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق، پشتیوانی جووتیارانی شەناغەین و بەرگریی لە مافەکانیان دەکەین.
هەروەها ئاماژەی دا، سوپا، بۆ پاراستنی خاک و خەڵکە لە کێشە و ململانێی تایفی، هەربۆیە ئەم پرسەی لێرە لە شەناغە هەیە، ئەرک و کاری ئەوان نییە. 

ڕۆژى دووشەممە، ١٧ى مانگى ٢ لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد لەکاتێکدا دەیانویست زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام لەیەن سوپای عێراقەوە ڕێگریان لێکرا.
لە دیمەنێکدا دەردەکەوێت، جووتیارێکی کورد بەسەر تراکتۆرەکەیەوەیە و دوو سەربازی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایدەكێشن و دەیانەوێت بیهێننە خوارەوە، بەڵام ئەو جووتیارە کوردەکە کۆڵنادات و ملیان بۆ کەچ ناکات، ئەمەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار