بڕیارە حـ.ـەماس تەرمی چوار بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل بکاتەوە

2 مانگ لەمەوپێش
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند گرووپی حەماس بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە کوژراون ڕادەستی ئەو وڵاتە بکەن.
ئەمە یەکەمجارە تەرمی بارمتەکان ڕادەستی ئیسرائیل بکرێت. ئەم ڕادەستکردنەوەیە بەشێکە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کە لە مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن.
سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە.
لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا بڕیار بوو 25 بارمتەی زیندوو و هەشت تەرم بگەڕێنرێنەوە بۆ ئیسرائیل؛ تا ئێستا ئەو گرووپە توندڕەوە لە شەش ئاڵوگۆڕدا 19 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 900 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی ئازاد کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ناوبژیوانان هەوڵدەدەن بزووتنەوەی حەماس هەر شەش بارمتە زیندووەکە تا ڕۆژی شەممە ڕادەست بکات کە بڕیار بوو لەم قۆناغەدا بە یەکجاری ئازاد بکرێن.
بنەماڵەی بارمتەکان و خەڵکی ئیسرائیل فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 73 بارمتەی کە ماونەتەوە.
ڕاپرسییەک کە لە تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە 500مین ڕۆژی شەڕەکەدا بڵاوکرایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە 68%ی ئیسرائیلییەکان ئازادکردنی بارمتەکان بە گرنگترین ئامانجی شەڕەکە دەزانن و 61% جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشتگیری قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەست دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ماوانە و پشتگیری لەبەردەوامی شەڕەکە ناکەن.
خۆپیشاندەران لە ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە بە بۆنەی 500هەمین ڕۆژی هێرشی حەماس گردبوونەوە و ڕێپێوانی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
