دیموکراسیەت تاکە چارەسەر نییە بۆ پرسی کورد، بە کەرکوکیشەوە!

شه‌ریف عەلی

3 ڕۆژ لەمەوپێش



شه‌ریف عەلی

خوێنەران شاهیدن لە بابەتەکانی چەند مانگی ڕابردوم لەسەر باکور، خۆراواو خۆرهەڵاتی کوردستان، نوسیم: بەبێ دیاریکردن وداننان بە [جوگرافیای هەر بەشێکی کوردستان] پرسی کورد بە دیموکراسیانە چارەسەر ناکرێ.

ئەم ڕوداوانەی کەرکوکیش دەیسەلمێنێ تێفکرینەکانم ستراتیژین بۆ چارەسەرکردنی دۆزی نەتەوەکەمان. مام جەلال پرۆژەی لە سەدا سیی و دوی بۆ کورد، تورکمان و عەرەب لە کەرکوک ڕاگەیاند. تاکە نوسەری کورد بوم لە دژی پرۆژەکەی مام جەلال لە کاتی خۆی دا بە بابەتی: "نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال"، هەڵوێست و تێفکرینی خۆمم خستەڕوو.

من ئەوکاته خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی بوم. شاهیدم هەیە کە مامۆستایەکی قبوڵ-خاسی حیزبیی لە زانکۆی سلێمانیی پێی وتم: "تۆ هێندە زیرەکی پرۆژەکەی مام جەلالت پێ هەڵەیە و پێشت فرۆشتنی کەرکوکە!؟ تۆ هێشتا لاویت! مام جەلال بەلای کەمەوە عەقڵی دوو مرۆڤی لەسەرە!".

دیارە، ستراتیژبینین: تێفکرینی وردی دەوێ، نەک گەنجیی و پیریی!

چەند ساڵێکی کورت لە پاش ئەوە: سەلما تێفکرینەکەم دروست بوو یان نا؟ سەلما مام جەلال دەرفەتەکەی لە دەستدا یان نا؟

خۆ ئیتر ئێستا بوەتە حەقیقەت کام تێفکرین دروست بو. تەنانەت بەردەوام تورکمان و عەرەب جەخت لە هێنانەوەی پرۆژەکەی تاڵەبانیی دەکەنەوە!!!

سەلما، کە مەسعود بارزانیی و نەوشیروانیش بە دروستکردنەوەی عێراقیی نوێی [دیموکراسیی!!] بەشداربون لەگەڵ مام جەلال لە لەدەستدانی کەرکوکدا.

کەسێک لە سیاسەتدا زیرەکە کە دەرفەت بخوڵقێنێ، یان بەلای کەمەوە دەرفەت بقۆزێتەوە. بەڵام سەرکردەکانی کورد بەپێچەوانەی ئەوەوە بوون! خۆ تەمەنی سەرکردەکانی نەتەوەکانی تر کە دەرفەتیان خولقاندوە و هەلیشیان لەدەست نەداوە، هەزار ساڵ نەبووە، بگرە تەمەنیان لە سەرکردەکانی کورد کەمتر بوە !ئێستاش دەیڵێمەوە، وەک چەند مانگێک لەمەوبەر لەسەر ئۆجەلان و پرسی ئاشتی باکوری کوردستانم نوسی، کە پرسی کورد لە باکور، ڕۆژئاوا و خۆرهەڵاتی کوردستان چارەسەر ناکرێ، هەتا دان بە جوگرافیا و سنوری هەر یەکێک لەو بەشانەدا نەنرێ! دیموکراسییەت هەمو شتێک نییە! پرسی نەتەوەیی ستراتیژیەتی دەوێ، دوربینی دەوێ!

دەکرێ ئەمڕۆ حکومەتێک لە ناوەند هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە بکات و بەیانی یەکێکی تری تەواو پێچەوانە بێتە سەر حوکم!

پرسی کورد تەنیا پرسێکی دیموکراسیخوازانە و پۆستی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە نییە!

بەڵکو پرسی کورد: پرسی جوگرافیا و سنوری کوردستانە! هەتا سنور و جوگرافیای هەر بەشێکی کوردستان لە دەستوری هەر دەوڵەتێکی ئیمپریالیزمی تورک و فارس و عەرەبدا نەچەسپێنرێ: پرسی کورد چارەسەر ناکرێ و تواندنەوەی میللەتی کورد بەردەوام دەبێ!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار