سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی بەنهێنى چووەتە تاران

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی دەستەی حەشدى شەعبى، فالح فەییاز، بەسەردانێکی ڕانەگەیەندراو چووەتەتارانی پایتەختی ئێران، ئەمە دووەمین سەفەری لەم جۆرەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا.
دەستەى حەشدى شەعبی هێشتا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی سەردانەکەی فالح فەییاز بۆ ئێران نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە کە “سەرکردەی حەشدى شەعبی، سەردانێکی ئەمنى بۆ تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان نوێنەری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوە .”
ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کۆبونەوانەدا فالح فەییاز باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڕەشە هاوبەشەکانی بەردەم هەردوو وڵات کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بە "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر نزیک و برایانە" کردووە، جەختی لەسەر "پاڵپشتی هەمەلایەنەی ئێران بۆ عێراق" کردۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆژى سێشەممە، وردەکارییەکانی سەردانەکەی سەرکردەکەى حەشدى شەعبیان بۆ تارانیان ئاشکرا کرد.
ئەو سەرچاوانە بە ئەلعەلەم ئەلجەدیدیان ڕاگەیاندووە، “سەردانەکەی فالح فەییاز بۆ تاران بۆ تاوتوێکردنی فایلەکانی پەیوەست بە هێزەکانی حەشدى شەعبیە، بەو پێیەی ناکۆکی توند لەناو ڕێکخراوەکەدا هەیە سەبارەت بە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان کە ئامادەدەکرێن، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر خودی فەییاز هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی مشتومڕەکان لە عێراق لەسەر یاسادانانی یاسای خانەنشینی هێزەکانی حەشدى شەعبى.
لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە عەمبدولئەمیر یارەڵڵا دەچێتە جێی فالح فەییاز، لە پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی.
وەزارەتى بەرگرى ڕایگەیاند، هەر هەواڵێکى تایبەت بە سوپا، فەرماندە، ئەفسەر و کارمەندانى لە پێگە فەرمییەکانى وەزارەت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بەو وەزارەتە بڵاونەکرێنەوە، هەواڵى ناڕاستن و بناخەى راستییان تێدا نییە.
فالح فەییاز، لە ساڵى 2020 بە فەرمى کرایە سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، دواى ئەوەى لە ساڵى 2014ـەوە بە وەکالەت ئەو پۆستەى بەڕێوە دەبرد.
ئەو دەستەیە سەرپەرشتى سەرجەم گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی دەکات کە بەستراون بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران و فەرمان لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان وەردەگرن.

