ناتانیاهۆ: ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت بۆ ئیسرائیل

دوێنێ



 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە  تەرمی چوار بارمتە وەردەگرنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی حەوتەم لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەدەچێت، ئەم جارە تەرمی بارمتەکان ڕادەست دەکرێن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی ڕایگەیاندووە: پێنجشەممە ڕۆژێکی زۆر سەخت دەبێت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت، ڕۆژێکی ماتەمینی دەبێت. چوار لە بارمتە خۆشەویستەکانمان کە کۆچی دواییان کردووە دەگەڕێنینەوە بۆ خاکەکەمان.

لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ناوی چوارەم بارمتەی ڕاگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی ڕادەست دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. 
وتەبێژی لیواکان، ئەبو عوبێدە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سبەی تەرمی ٤ بارمتەی ئیسرائیلی کە ٣ کەسیان لە بنەماڵەی بیباس لە نێویاندا ڕادەست دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە ژیاندا بوون تا ئەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست شوێنەکانی بۆردوومان کردن و بەهۆیەوە هەموویان کوژران.

گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن.
سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار