شەش کۆچبەر لە دەریای ئیجە، گیانیان لەدەستدا

دوێنێ



 

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە دەریای ئیجە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە نوقم بووە و شەش کەس تیایدا گیانیان لەدەستداوە کە سێ منداڵیان تێدا بووە و 27 کەسی دیکەشیان ڕزگار کراون.
تا ئێستا ناسنامەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە دیاری نەکراوە، بەڵام هاووڵاتیانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەوانە ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و سوریا لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەو ئاوییە مەترسیدارەوە بە شێوەیەکی نایاسایی گەشت دەکەن بۆ یۆنان بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی تەرمی شەش کۆچبەری "نایاسایی" لە ئاوەکە ڕاکێشراون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێو ئەو 27 کەسەی ڕزگارکراون، کەسێکیان بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی ئەو پەنابەرانە دەستگیرکراوە.
مانگی ڕابردوو بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە دەریای ئیجەدا نوقم بوو و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی شاری ئیزمیر ڕوویداوە کە تەنها 15کیلۆمەتر لە دوورگەی سامۆسی یۆنانییەوە دوورە. دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند تەرمی قوربانییەکان بۆ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان گواستراوەتەوە بۆ دستنیشاانکردنی ناسنامەیان.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ دوورگەکانی یۆنان دەگوازنەوە لە دەریای ئیجەدا نوقم دەبن.

بەپێی ئامارەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی ڕابردوو نزیکەی 45 کۆچبەر لە دەریای ئیجە خنکاون و دەسەڵاتداران 484 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخبردنی پەنابەران دەستگیرکردووە. هەروەها ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024دا بە گشتی 55 هەزار و 467 کۆچبەر کە هەوڵیان دەدا بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ئەوروپا لە ئاوەکانی تورکیا ڕاگیراون.
لە ئێستادا تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر و پەنابەر دەکات کە زیاتر لە سێ ملیۆنیان هاووڵاتی سوریان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار