لیژنەی فەتوا: مامەڵەکردن بە دراوی پای بە دروست نییه‌

15 كاتژمێر لەمەوپێش




سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت هەر دراوێکی ئەلیکترۆنی پاڵپشتی یاسایی دەزگا و حکومەت و وڵاتێکی نەبوو مامەڵەکردن پێیەوە دروست نییە، دەشڵێت،" مامەڵەکردن بەدراوی پای و هاوشێوەکانی وەک مامەڵەکردنە بە خۆڵ و ئاینی ئیسلام بە دروستی نازانێت.
دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نەک تەنها دراوی پای بەڵکو هەر دراوێک، ئاینی ئیسلام پێمان دەڵێت شتێک بێت بنەمای هەبێت و ڕاستی هەبێت و دراوەکە گەر پشتگیریەکی یاسایی هەبێت و داوای پارەی کاش بکەیت بتوانیت پارەی کاش وەربگریت یان بیگۆریت، یان بتوانی ئاڵوگۆڕی بکەی و ببی بە خاوەنی ئەوە ئاساییە، بەڵام بە پێچەوانەوە مامەڵەکردن پێیەوە دروست نییە."

سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەر دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەنێکی هەبوو واتا دەزگایەک یان حکومەتێک یان دەوڵەتێک پشتگیری کردبێت و سەپۆرتی تەواوی کرد لە ڕووی یاسایەوە و وەک دراوێکی فەرمی دەوڵەت ناساندی، ئەوە کارپێکردنی ئاساییە وەک هەر دراوێکی تری لێدێت و دەتوانی کاری پێبکەیت و شتی پێبکڕیت و شتی پێ بفرۆشێت.
ئەو وتیشى: بەڵام ئەگەر هاتوو تەنها ژماریەک بێت و وەهمی بێت و کەس هیچ دەزگا و دەوڵەتێک خۆیی بەخاوەنی نەزانی باش نییە مامەڵەکردن پێیەوە و وەک ئەوە وایە شتێکی هیچ بکڕیت و پارەکانی شتێکی هیچە ئاینی ئیسلام دەڵێت لەگەڵ وەهم مامەڵە مەکەن."

سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، مەمەڵەکردن بەم دراوە ئەلیکرترۆنیانە وەک مامەڵەکردنە بەخۆڵ، دەشڵێت،" لەڕووی مەزهەبی شافعی خۆمانەوە مامەڵەکردن بە شتێک بنەمای نەبوو حەرامە."
پای (Pi) دراوێکی ئەلیکترۆنییە و بەیارمەتی مۆبایلی بەکارهێنەران بەرهەم دەهێنرێت، بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ هیچ تێچوویەک، بەڵام دوای ئەوەی دراوکە لیست کرا و کەوتە بۆرسەی دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، خەڵکانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان ئێستا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن.
ئەم دراوە خاوەندارێتیەکەی کەسانی شاراوە نین و چەند دکتۆرایەکی زانکۆی ستاردفۆردی ئەمەرکی وەک تیمێکی زانستی لە چوار چێوەی توژینەوەی زانستیدا پشتگیری دەکەن و ئاراستەی دەکەن و ئێستا بە ملیۆنان بەشداربووی هەیە.
شارەزایانی دارایی و بانکیش بەگرنگی دەزانن کەس مامەڵە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان نەکات و گەر لە حاڵەتێکدا هەر کردیان بە بڕە پارەیەکی کەم بەشداری بکەن.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانکی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دراوی ئەلیکترۆنی یەکێکن لەو دراوانەی کە هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نییە و مەترسیەکانی زۆرە لەهەموو جیهاندا، واتا تاوەکو ئێستا دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوازی گشتی لەزۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاواش بەشێوەیەکی فەرمی کار پێناکرێت، چونکە بەهۆکاری سەرەکی سپی کردنەوەی پارەیە و لەگەڵ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بەچەکەوە، لەبەر ئەوە ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە کاتێک مامەڵەی پێوە دەکرێت ئەوانەی کە لەسەری سەرەوەن قازانجیکی زۆر دەکەن لەڕێگای کۆمپانیا بچووکەکانیانەوە."

وتیشی،" ئامۆژگاریم بۆ ئەو کەسانە هەیە دەیانەوێت ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە بکڕن گەر حەزیان لێبوو بچنە ناو سەر ئەو کێشیەوە با بە بڕە پارەیەکی کەم بەشداربن بەڕایی من بای 100 دۆلار زیاتر نەکڕن و گەر هاتوو بەخت یاوەری بوو لە داهاتوودا بەرز بووەوە وەک دراوی بتکۆینی لێبێت، گەر بە پارەیەکی زۆر بیکڕیت ئەوە ڕەنگە زەرەرمەند بیت، هەر دراوێک ئەم سیفەتانەی نەبوو مەترسیدارە، یەکەم پاڵپشتی بانکی ناوەندی و دووەم پاڵپشتی یاسایی و سێیەم پاڵپشتی مەلموس ئەم سیفەتانە نەبوو پێویستە مرۆڤ خۆیی لێی بە دوور بگرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار