وتەبێژی سۆسیال دیموکرات: بۆچی سەغڵەتبوون وتراوە پارە لەهەرێم وەردەگرن

9 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی فەرمی، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، وەڵامى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى دەداتەوەو دەڵێت: ئەم لایەنانە بۆچی سەغڵەتبوون بەوەی، کە وتراوە پارە لەهەرێم وەردەگرن، ئەگەر وەریناگرن فەرموو بەرپرسەکانتان سوێند بۆ ئەندامانی خۆتان بخۆن، کەبەهیچ شێوەیەک پارە لەحکومەت و هەرێم وەرناگرن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی سەحەری ئێرانی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو مانگانە 150 هەزار دۆلار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن.
هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى، قسەکانى محەمەدى حاجى مەحمودیان رەتکردەوە، دەڵێن تۆمەتێکی خستووەتە پاڵمان، رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان.
لەوەڵامى ئەو قسانەدا فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە.
دەقى ڕونکردنەوەکە
خوا ڕاستەو ڕاستی پێخۆشە
سەبارەت بە لێدوانەکانی جەنابی کاک محمدی حاحی محمودو ئاشکراکردن و وتنی چەند ڕاستییەکی شاراوە، کە بووە هۆی سەغڵەتبوونی هەندێک لایەن، کەئەو بابەتانەیان لە هاوڵاتیان و ئەندام و دەنگدەرانی خۆیان شاردۆتەوەو وتنی ئەو ڕاستیانەش جەماوەو ئەندامانی خۆیان لێ توڕەدەکات، هەر ئەمەش بووەتە هۆی لەرزاندنی عەرشی لەرزۆکیان، ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
١. ئەو لایەنانە لەڕۆژی دامەزراندن و ڕاگەیاندنیانەوە، هیچ شتێکیان بۆ خەڵک و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەکردووەو نەک خوێن عارەقیشیان بۆ کورد نەڕشتووە، نەک تەنیا لە سەردەمی خەباتی شۆڕشگێڕیدا، بەڵکو لە سەردەمی نوێ و شەڕی داعشیشدا ئەوکاتەی جەنابی کاکە حەمەو پێشمەرگە خۆبەخشەکانی سۆسیالست بەخوێنی خۆیان پارێزگارییان لەخاکی پیرۆزی کوردستان دەکردو خوێنی خۆیان پێشکەشی کورد و خاکەکەی دەکرد و خودی جەنابی کاکە حەمە لەپێشی پێشەوەی شەڕ سەربەرزانە ئەیوت ئەمەوێت لەمەیدانی شەڕدا شەهید بم نەک لەسەر جێگە بمرم و خوێنی کوڕەگەورەکەی پێشکەشی گەلەکەی کرد لەکاتێکدا بەشدار نەبووین لەحکومەت و تەنانەت یەک بەڕێوەبەری گشتیشمان نەبوو، ئەوان نەک ئامادە نەبوون خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵکو شەڕی پۆست و پلەیان دەکرد و لەبری دابەشکردنی ڕەبایەو سەنگەری بەرگری، شەڕی پۆست و پلەیان دەکردو هەر ئەو حکومەتەی ئەوان تێیدا بەشداربوون، بڕیاری بڕینی موچەو ڕوبعە موچەو پاشکەوتیاندا.
٢. ئەو لایەنانە نەک ڕاستییەکان لەئەندام و هاوڵاتیان دەشارنەوە، بەڵکو سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەودەکەن و خەریکی چەواشەکارین، ئەوان بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، کەچی بەشێکی زۆری پۆستەگرنگەکان لای ئەوانن هەر لەجێگری پارێزگارەوە تا قائیمەقام و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و جێگر، ئەگەر بەراستی ئۆپۆزسیۆنن ئەو پۆستانە بۆ لای ئێوەن.
٣. نازانم ئەم لایەنانە بۆچی سەغڵەتبوون بەوەی، کە وتراوە پارە لەهەرێم وەردەگرن، ئەگەر وەریناگرن فەرموو بەرپرسەکانتان سوێند بۆ ئەندامانی خۆتان بخۆن، کەبەهیچ شێوەیەک پارە لەحکومەت و هەرێم وەرناگرن، ئەگەر دەڵێن وەریناگرن، ئەی نەک تەنیا وەزیرو ئەندام پەرلەمان و پلەدارە خانەنشینەکانتان، پاسەوانی پەرپرس و بارەگاکانتان موچە لەحکومەت وەرناگرن؟! تەنیا موچەی ئەوان نزیکی ملیارێک دینار نییە؟! ئەمە لەکاتێکدا بەپێی یاسای پارتەسیاسییەکان هەموو پارتێکی سیاسی لەسەر بنەمای خەباتی شاخ و کورسی پەرلەمان مافی خۆیەتی بودجەیەکی لەحکومەت بۆ دابینبکرێ، کەچی سەیرە ئێوە ناتوانن بەئاشکرا بڵێن وەریدەگرین، ئەگەر حەرامە بۆ وەریدەگرن و ئەگەری حەڵاڵیشە بۆ دەیشارنەوە.
٤. بابەتی وەرگرتنی یەک ملیۆن دۆلار لەلایەن حاجی قاسم سلێمانییەوە، کە لەڕێگەی نوێنەرەکەی کۆمەڵی ئیسلامییەوە بۆ لیستی چاکسازیی وەرگیرا، ئەویش وەک هاوکارییەک بۆ لیستەکە، کە بەبەراورد بەلایەنەکانی تر بودجەی پێویستی لەبەردەستا نەبوو، هاوکات بڕی (٤٠٠) هەزار دۆلار لەلایەن خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلالەوە پێیان درا، تا جەنابی کاک محمدی حاجی محمود ڕازیبکەن، بکشێتەوە لەخۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.
٥.سەبارەت بەپەشیمانی لەلیستی چاکسازیی و زەرەرکردنیا، ئەوە پێیان دەڵێن ئەوە خۆتانن تا ئێستاش نەتانتوانییوە لیستێکی ئیسلامی پێکبهێنن، ئێوە خۆتان هاتن داواتان لە ئێمەکرد بۆ دروستکردنی لیست بۆپاڵپشتی و پارێزگاریکردنتان، نەک ئێمە داواتان لێبکەین. لەدوای لیستی چاکسازییشەوە تا ئێستا نەک نەتان توانیوە گەشەبکەن، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ دێنەوە دواوەو لەگەڵ دەرکەوتنی بەشێک لەڕاستییەکان و نەمانی ناکۆکی و ململانێکان ڕێژەی دەنگی خۆتان بۆ دەرکەوتووە.
لەکۆتاییدا دەڵێین ئێمە هەمیشە ڕاستییەکانمان وتووە، لەپێناوی ئەوەی گەل و نەتەوەکەمان بەرچاوییان ڕوونبێت و ئەمەش بابەتێکی سروشتییە لەپرسە سیاسییەکان.
د. فەرهاد تۆفیق
وتەبێژی فەرمی
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

