وتەبێژی کۆمەڵ: کاکە حەمە قسە زۆرەکات و قسەکانیشی سواون

11 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پارە لە حکومەتی هەرێم، چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانن، وتیشى کاکە حەمە مانگی جارێک دووبارەی دەکاتەوە، قسەکانی سواون ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە.

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاکە حەمە هەموو شەوێک قسە ئەکا ئێمە یەک جار ڕەدمان دایەوە، بۆ ئەوە قسە دەکات خەڵک باسی بکات و دائم بە کاکە حەمەوە مەشغوڵ بێت، کوردستان گیرو گرفتی زۆر لەوە گەورەتری هەیە کە کاکە حەمە ئاماژەی پێداوە، وتوومانە ئەوانە ڕاست نین، ئەوە ئێمە و حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆ بزانە فلس وەردەگرین؟.
محەمەد حەکیم وتیشى: کاکە حەمە مانگی جارێک دووبارەی دەکاتەوە، قسەکانی سواون ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە، زۆر قسە دەکات ئەوەشی زۆر قسە بکات هەڵەش دەکات. ئێمە ئیشمان نییە وەڵامی بدەینەوە؟"

وتیشی،"چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسین پەلەمان نییە، ئەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسیە چی دەکەن سەبارەت بە قسەکانی."
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی سەحەری ئێرانی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو مانگانە 150 هەزار دۆلار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو حزبانە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم بوونی نییە.

تۆمەتبارکردنی ئەو حزبانە لە لایەن محەمەدی حاجی مەحموودەوە یەکەم جار نییە، بەڵکو پێشتریش لە ساڵی 2023 لە دیمانەیەکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەدا کە خۆیی و هەریەک لە عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، قادر عەزیز کە ئەوکات سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سەربازی باڵای ئێران وەرگرتووە.

لەدوای لێدوانەکەی کاکە حەمە لە تەلەفزیۆنی سەحەر، دکتۆر سەلاحەدین بابەکر وتەبێژی یەکگرتوو بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" کاکە حەمە تۆمەتێکی خستووەتە پاڵمان، تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن پیشەی کەسانی شکستخواردووە و زۆریشمان بیستووە و بە شیاوی وەڵاممان نەزانیوە، بەڵام پێمان ناخۆشە ئەو بەرێزە بچێتە ئەو ئاستە، بەهەر حاڵ لەوەڵامدا دەڵێین، ئەوە تۆمەتە و تەشهیرە و مافی خۆمانە ڕەدی بدەینەوە و رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار