دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان ئێران و عێراق کارى پێدەکرێت

2 مانگ لەمەوپێش
لەکۆبونەوە نێوان سودانى و وەزیری ناوخۆی ئێران، جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات چالاکبکرێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى نوسینگەکەى، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی کردوە لە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێز ئەسکەندەر موئمنی.
لە بەشێکی ئەو دیدارەدا تاوتوێی ڕێوشوێنەکانی ئاسانکاری کردن کرا، بۆ زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، جەخت لەسەر چالاککردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئێران کرایەوە، سەبارەت بە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کراوە، لەوانە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان.
هەروەها لە کۆبونەوەیەدا هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی لە کاری دەروازە سنوورییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری جەختیلێکراوەتەوە.
