وەزیرانى دەرەوەى سووریا و ڕوسیا لە تورکیا کۆدەبنەوە

دوێنێ



ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە پشتڕاستیان کردەوە کە ئامادەکاری هەیە بۆ کۆبوونەوەی نێوان ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسییەکەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنقەرە.
سەرچاوەکان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سوریا و ڕوسیا ئەنجام دەدرێت.

لە بەرامبەردا سەرچاوە ڕووسییەکان ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەکەی داهاتوو لاڤرۆڤ کە لە تورکییە و ئەلشەیبانی کە ئەمڕۆش گەیشتووەتە ئەنقەرە، کۆ دەکاتەوە.
بەگوێرە زانیاریەکان بڕیارە دیدارێکی سێ قۆڵیش لە نێوان لاڤرۆڤ، ئەلشەیبانی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە کۆبوونەوەکە "لەسەر بنەمای ئەوە دێت کە ئێستا تورکیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان مۆسکۆ و دیمەشق دەگێڕێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی ئەنقەرە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەبوونی لاڤرۆڤ لەوێ.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ گەیشتە تورکیا، و لەگەڵ هاوتا تورکەکەیدا باسی بارودۆخی سوریای کرد، جگە لە ئاگربەستی غەززە، هەروەها ئەو دانوستانانەی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا ئەنجامیاندا، و ئەو ڕۆڵەی کە ئەنقەرە دەتوانێت لەم پرۆسەیەدا بیگێڕێت.

ئەگەر کۆبوونەوەی نێوان لاڤرۆڤ و ئەلشێبانی ئەنجام بدرێت، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا و باڵاترین کۆبوونەوەی نێوان سووریا و ڕووسیا دەبێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانونی یەکەم.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووسیا دیارترین هاوپەیمان و پاڵپشتی سەرەکی ڕژێمی لابراو بووە، لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە دەستوەردانی لە سوریا کردووە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانی بەشار ئەسەد.

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەم، ڕووسیا دەستی بە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا کرد بە ئامانجی پاراستنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە لازقیە و تەرتووس.
رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ژمارەیەک بەرپرس و سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی سوریا لە دیمەشق لەژێر ناوی کۆنگرەی سەرکەوتن کۆبونەوە و بڕیاریاندا ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دەستنیشان بکەن و پەرلەمان و سوپا هەڵبوەشێننەوە و کارکردن بە دەستوری سوریا راگرن تا ئەوکاتەی دەستوری نوێ بۆ وڵاتەکە دەنوسرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار