شارەوانی غەززە: کارەساتى ژینگەیی و تەندروستى لەشارەکە ڕوودەدات

دوێنێ



 

شارەوانی غەززە هۆشداریدا لە کارەساتی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی بەهۆی کەڵەکەبوونی نزیکەی ١٧٠ هەزار تۆن پاشماوە لە شەقامەکان و زبڵخانە کاتیەکان. 
ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکدا شارەوانی غەززە ئاماژەی بەوەکردووە: غەززە کارەساتێکی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی بەخۆیەوە دەبینێت، بەهۆی کەڵەکەبوونی نزیکەی 170 هەزار تۆن پاشماوە لە شەقامەکان و زبڵخانە کاتییەکان، چونکە حکومەتى ئیسرائیل لە ٧ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە ڕێگرى دەکات لەوەى تیمەکانی شارەوانی بگەنە زبڵخانەی سەرەکی لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى شارەوانى غەززە، نزیکەی لەسەدا ٨٠ی کەلوپەل و ئامێرەکانیان کە بۆ کۆکردنەوەى پاشماوەى خۆڵ و خاشاک بەکاریان دەهێنا، لە ماوەی زیاتر لە ١٥ مانگی شەڕەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو براووە.
لە 16ی ئەم مانگەدا شارەوانی پلانێکی بەپەلەی دەستپێکرد بۆ لابردنی پاشماوەی کەڵەکەبووی شەقام و گەڕەک و پەناگەی شاری غەززە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کارەساتە تەندروستی و ژینگەییەی کە تووشی دەبێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەو کاتەدا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، "پلانەکە پشت بە بەکارهێنانی چەندین میکانیزم و کەرەستەی جۆراوجۆر دەبەستێت بۆ گواستنەوەی پاشماوە، جگە لە بەشداریکردنی تیمە تایبەتمەندەکانی کار، لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کەرتی تایبەت".

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی لابردنی پاشماوە لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا ٣-٤ هەفتەی دەوێت ئەگەر توانا پێویستەکان بەتایبەتی ئامێرە قورسەکان لەبەردەستدا بێت.
شارەوانی غەززە دووپاتی کردەوە کە کەڵەکەبوونی ئەو بڕە بووەتە هۆی زۆربوونی مێشوولە و مێرووی زیانبەخش کە ڕەنگە ببنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی سەخت و مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ لەو شارەدا دروست ببێت.

شارەوانی داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن و بارودۆخی تەندروستی و ژینگەیی شارەکە ڕزگار بکەن، فشار بخەنە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئەو مەکینە و سووتەمەنییە بۆ شارەوانی دابین بکەن کە پێویستی پێیەتی بۆ کەمکردنەوەی ئەو کارەساتە تەندروستی و ژینگەییەی کە شارەکە تووشی دەبێت.

زبڵخانەی ناوچەی جحر دیک لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە تاکە زبڵخانەیە کە شارەوانی بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە بەکاریدەهێنێت و خزمەت بە ٨ شارەوانی لە باکووری کەرتی غەززە و شارەوانییەکانیەکانى دیکە دەکات.

سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام زۆرینەی فەلەستینییەکان هێشتا لە خێمە و پەناگەدا دەژین، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە ١٥ مانگی کۆمەڵکوژیدا ماڵەکانیان وێران کرد.
لە سەرهەڵدانی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ١٩ی یەکی ٢٠٢٥، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامدا، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیاتر لە ١٦٠ هەزار فەلەستینی کوژران و برینداربوون کە زۆرینەیان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی بێسەروشوێن کە تا ئێستاش لاشەکانیان لە ژێر داروپەردوودایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار