مامۆستایانی ناڕازی: ئاسایشی سلێمانی ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆریانداون

4 كاتژمێر لەمەوپێش
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوتی قاچاخ کردەوە و مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت، شەش کاتژمێر دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراین.
بە وتەی ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەدا، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئازار دران و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران و دواتر ئازادکران و هێرشیش كرایە سەر ژمارەیەک رۆژنامەنووس.
رۆژی یەکشەممە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە عەربەت خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و رێگای ناحییەکەیان بەڕووی بارهەڵگرانی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا داخست و خێمەیان هەڵدا و مانەوە و رایانگەیاند، تا داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن لەژێر خێمەكەدا دەمێنینەوە و داهاتی دەسەڵات پەکدەخەن، بەڵام شەوی رابردوو بە زەبری هێز كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا.
زانا محەمەد، فەرمانبەری ناڕازی باسی لە ساتەوەختی دروستبوونی گرژییەکان کرد و گوتی، پێشتر هەستیان بە هەبوونی پیلانێک دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشانداکە و کەسانی نەناسراو خۆیان بە شۆفێری بارهەڵگر ناساندبوو و بوونە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە.
هاوکات، ئاکۆ محەمەد. مامۆستای ناڕازی کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوان ڕایگەیاند، ماوەی نزیكەی شەش كاتژمێر لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران و لە خۆپیشاندانەكەدا نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران.
ئەو وتیشی، ئاسایشی سلێمانی ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆریانداون و لەکاتی دەستگیرکردنەکەیاندا بەشەش کەسەوە لێیان داوە و بەو هۆیەوە دووجار لەهۆش خۆی چووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٢/٢٤ لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا چەند شۆفێرێک و هاوڵاتییەک بریندار بوون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
جەختیشدەكاتەوە لەوەی، له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و هاوڵاتییە بریندارەكان نەخوشخانەیان جهێشتووە.

