لە گرژیەکانى عەربەت ٢٩ پێشێلکاری دژی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کراوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لە سەروبەندی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لە بازگەی دێگەڵە ٥٤ حاڵەت و لە شارۆچکەی عەربەتیش ٢٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کراوە.
ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە خستەڕوو.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕایەگیاند، لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕێپێوانی درێژی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بازگەی دێگەڵە، ٥٤ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٤ ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە، هەروەها دوو ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون و هەشت ڕۆژنامەنووسیش نەیانهێشتووە بگەڕێنەوە هەولێر.
ئاماژەی بەوەشدا، کە ١٦ کەس ڕێگرییان لێکراوە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن، دەست بەسەر کەلوپەلی هەشت ڕۆژانامەواندا گیراوە، هەروەها  ١٩ کەسیش بە گازی فرمێسکڕێژ برینداربوون و تووشی هەناسەتەنگی بوون و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵێکی ڕاگەیاندنیش لە هەولێر.

هەروەها دیاری محەمەد سەبارەت بە توندوتیژییەکانی شەوی ڕابردوو لە شارەدێی عەربەت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران کرا ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٩ حاڵەتی توندوتیژی ١٣یان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە.

وتیشی: پێنج ڕۆژنامەنووس لە گرژی و ئاڵۆزییەکەی دوێنێشەودا دەستگیرکراون و ١١ حاڵەتی ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵ تۆمارکراوە، هەروەها هەشت حاڵەتی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تۆمار کراوە، پێنج لە ڕۆژنامەنووسانیش تووشی لێدان و سووکایەتی بووونەتەوە و بە گشتی ٢٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە.
وتیشی: یاسا بەرکارەکان مافیان بە ڕۆژنامەنووسان داوە بە ئازادانە ڕووماڵی چالاکییەکان بکەن،  بەڵام بەداخەوە لەکاتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا هەمیشە ڕۆژنامەنووسان کراونەتە قوربانی و پێشێلکارییان  بەرامبەر دەکرێت.

هەروەها سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی، بەپێی یاسا ڕۆژنامەنووسان مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانیان هەیە، ئێمەش نیگەرانین بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە.
هەروەها دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی لە کۆنگرەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو دۆزە ڕایگەیاند، بەداخەوە لەو ڕووداوەی دوێنێ شەوەوە بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان چۆن توندوتیژانە بەرەنگاری ئەو فەرمانبەران و مامۆستا ناڕازییانە و ڕۆژنامەنووسان بوونەوە کە تەنها داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار