سەبارەت بە ئاشتی و چەکدانان
عەبدوڵڵای مەلانوری
3 مانگ لەمەوپێش
عەبدوڵڵای مەلانوری
مرۆڤ بە سروشت حەزی لە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و ئارامییە. هیچ گەل و گروپێکی (خاوەن دۆز) بۆ خۆشی چەک هەڵناگرێ، بەڵکو چەک هەڵگرتن کاردانەوەیە لە بەرامبەر مافزەوتکردندا.
مافە زەوتکرەوەکانیش ڕوونن، هەر ئەو مافەی تۆ بۆ خۆت پێتخۆشە بۆ منیش پێتخۆشبێت. لەو شوێنەی مافە زەوتکراوەکان بە شێوەیەکی کۆنکریتی و بە یەکسانی بۆ هەمووان لە دەستوردا دەچەسپێنرێن و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئیدی خودی چەک هەڵگرتن ڕەوایەتی لەدەستدەدات و دۆزێک نامێنێت تا چەک کاری بۆ بکات.
چەک بۆ کورد لە کردە و پرۆسەی مافزەوتکردندا بە سەرماندا سەپێنراوە. واتە تۆی داگیرکەر کە مافم زەوت دەکەی، هەر خۆت بژاردەی چەک دەدەیتەوە دەستم. بە دەربڕینێکی دیکە، مرۆڤ و ماف، وەک هەواو بۆشایییە، کاتێک هەوا لە بۆشاییەک بە زۆر دەردەکێشرێ، ئیدی ئەو بۆشاییە یان توشی گرژبوون و چوونەوەیەک دەبێت، یان لە ناو بۆشاییەکەدا شانسی ژیان بۆ هیچ بونەوەرێک نامێنێت.
بۆ نمونە ئەگەر مێروویەک بخەینە ناو قتوویەک، کە هەوای تێدابێت، ئەوا ئەگەر دەمی قتووەکەش دابخەی ڕەنگە مێرووەکە ماوەیەک بتوانێت بژی و لەو هەوایە بەهرەمەند ببێت کە لە قتووە دەمداخراوەکەدا دەمێنێتەوە.
خۆ ئەگەر مێرووەکە لە قتووەکەدا بوو، هەروەها بە ئامێرێکی بە هێز هەوای ناو قتووەکەمان هەڵمژی، ئەوا یان ئەوەیە قتووەکە دەچێتەوە یەک و بە ئاڕاستەی ناوەوەدا چرچ و لۆچ دەبێت و مێرووەکەش دەمرێ، یان ئەوەیە قتووەکە بەرگەی هەڵمژینی هەواکە دەگرێ، بەڵام مێرووەکە یەکسەر دەمرێ.
واتە لە هەردوو ئەگەرەکەدا چارەنوسی مێرووەکە هەر مردنە.
سەدان ساڵە داگیرکەران کوردستانیان لێکردوین بە قتوو، هەواکەی هەڵدەمژن، بۆ ئەوەی بمرین.
هەموو جارێک کورد بە ناچاری بۆ بەدەستهێنانی هەواو ئۆکسجین و ژیان و مانەوە، لە (شار-قتوو)ەوە ڕایکردووە، لە بەرامبەردا (شاخ-قتوو)ی هەڵبژاردووە.
هەروەها بۆ ئەوەی دوژمن قتووی شاخیشی لێ داگیرنەکات و بە یەکجاری دوا شانس و دەرفەتی ژیانی لێ زەوت و بەرتەسک نەکرێتەوە چەکی هەڵگرتووە.
کەچی دوژمنان بە کورد دەڵێن: وەرن چەکەکانتان دانێن، با شاخیشتان وەک دوا بژاردە لێ بکەین بە قتوویەکی هەڵقوپاوی بەتاڵ لە هەوا و هەناسە!
دەی لە ڕاستیدا، تا ئەو کاتەی پێشوەختە، بە شێوەیەکی کۆنکریتی و گەرەنتیکراو، دەرگای شار-قتووم بە ڕوودا نەکرێتەوە، تا ئەو کاتەی من و تۆی جیاواز وەک یەک لەناو قتووەکەدا ژیان و مافمان پارێزراو نەبێت، چەکدانان کوا بژاردەیە؟!
خۆ هەرکات بە بێ گەرەنتی کۆنکریتی پێشوەختە، لەژێر هەر پاساوێکدا چەک دانرا، ئەوا ئیتر خۆمم بڕیار دەدەم، کە مێروویەکم دەبێ ببمە خۆراکی مێرووە بەهێزەکان، ژیرەکان کارێکی وا ناکەن.
ئاشتی سەر بە جیهانی چەکدانان نییە، بەڵکو نەوەی ڕەسەنی دادپەروەرییە.
