دوای كاولكردنی غەززە، حەماس تازە لەو مەرگەساتە تێدەگات

سەرتیپ جەوهەر
3 مانگ لەمەوپێش
🔹 گۆرباچۆڤ گوتی سۆڤیەت وێران دەبێت، بەقسەیان نەكرد، پارچە پارچە بوو!
🔹 حوكمڕانان ئەم هەرێمەیان وێرانكردووە، لەباتی ئیعتیرافكردن، دەیانەوێ هێشتا كاولتری بكەن.
🔹 حوكمڕانان بێپلانن، ئەمڕۆ بەسبەی دەسپێرن. لەبری چارەسەری كێشەكان هەمیشە بیر لەپینەوپەڕۆ دەكەنەوە
✍️ سەرتیپ جەوهەر
دوای وێرانبوونی غەززە و كوژرانی نزیكەی 50 هەزار كەس و برینداربوونی 110 هەزار فەلەستینی، موسا ئەبو مەرزوق جێگری سەرۆكی حەماس بۆیەكەمجار رایگەیاند ئەگەر بیانزانیایە ئەنجامی هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ئەوە دەبێت قەت نەیاندەكرد!
ئەم قسەیەی ئەبو مەرزوق دەكرێت لە دوو دیوەوە تەماشا بكرێت. دیوێكیان دانپێدانان دوای وێرانكردنی وڵاتەكەیان چ سودی هەیە؟! كورد گوتەنی "هەتا نەیاننا لەتەبەق نەیانگوت ئەلڵاهو سەدەق" عەرەبیش دەڵێن "بعد خراب البصرة".
دیوەكەی دیكەیان دەكرێت بڵێین دانپێدانان (ئیعتیراف) بۆخۆی گۆڕانێكی نوێیە لە هەڵوێستی حەماسدا كە هەڵەیەكی ستراتیژییان كردووە؛ ئیدی پێویستە دان بەو راستیەدا بنێن. چونكە پەلامارێكی یەك رۆژی بووە وێرانكردنی وڵاتەكەیان و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل لەناوچەكە لەبری لاوازبێت، زۆر بەهێزتر بوو بگرە هێرشەكەی حەماس رێڕەوی مێژوو و نەخشەی ناوچەكەی بەتەواوی گۆڕی.
لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بارودۆخی یەكێتیی سۆڤیەت گەیشتبووە بنبەست، ئابوریی ئەو وڵاتە وێران بووبوو. میخاییل گۆرباچۆڤ سەرۆكی یەكێتیی سۆڤیەت (1985-1991) هات بوێرانە رووبەرووی ئەو دۆخە بوویەوە و گوتی دوای نزیكەی 70 ساڵ لە حوكمڕانیی كۆمۆنیزم لە چوارچێوەیەكی فیدراڵیدا، پێویستە گۆڕانی ریشەیی لە حوكمڕانیی و شێوەی ژیانی خەڵكدا بكەین، گوتیشی دۆخی یەكێتیی سۆڤیەت و خەڵكەكەی زۆر خراپە ئەگەر فریا نەكەوین یەكێتیی سۆڤیەت هەڵدەوەشێتەوە و كارەساتێكی گەورە روودەدات، بۆیە گوتی پێویستە یەكەمجار دان بە هەڵە و راستیە مێژووییەكاندا بنێین، دواتر دەستبكەین بە بنیاتنانەوە. بەبێ داننان بە راستیەكاندا ناتوانین هیچ هەنگاوێك بۆ دووبارە بنیاتنانەوە بنێین.
گۆرباچۆڤ دوو دەستەواژەی نوێی خستە ئەدەبیاتی سیاسی سۆڤیەت و جیهانەوە، ئەوانیش (گلاستنۆست و پیرۆستریكا)بوون، واتە شەفافیەت و كرانەوە و داننان بەڕاستیە مێژووییەكاندا، ئینجا دووبارە بنیاتنانەوە بەپێی گۆڕان و پێویستی سەردەم. سەرباری كرانەوە و گۆڕانی گەورە لەسەردەمی گۆرباچۆڤ لەماوەی 6 ساڵدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە پاراستنی یەكێتیی سۆڤیەت، چونكە بەشێك لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی (حزبی شیوعی سۆڤیەت) دژی ئەو تێگەیشتنانەی گۆرباچۆڤ بوون و چەندین گەلەكۆمەكێ و هەوڵی كودەتایاندا، سەرئەنجام یەكێتیی سۆڤیەت لەبەریەك هەڵوەشایەوە و ئەویش دەستی لەكاركێشایەوە.
ئەو بەندوبالۆرەیەم بۆ ئەوەبوو بڵێم بارودۆخی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە. حوكمڕانانی هەرێم لەماوەی 12 ساڵی رابردوو هەڵەی ماڵوێرانكەر و ستراتیژییان كردووە، خەڵكیان رووبەرووی برسێتیی و ماڵوێرانیی گەورە كردۆتەوە. قەوارەی پێگە و توانای قەوارەی هەرێم زیانی زۆر گەورەی بەركەوتووە، مخابن كەچی نەك بیركردنەوە لە چاككردنی، بەڵكو هێشتا سورن لەسەر تێكدانی ئەم قەوارەیە، لەوەش خراپتر، ئامادەنین دان بەو كاولكارییە و سیاسەتی چەوت و خراپەكارییەكانی خۆیاندا بنێن! دەیانەوێ هێشتا كاولتری بكەن.
ئەمانەی ئێستا حوكم دەكەن، بەبێ پلان ئەمڕۆ بەسبەی دەسپێرن. ئەم مانگە بە تكا و پاڕانەوە چارەسەری موچە دەكەن، بۆ مانگی داهاتووش لەبری چارەسەر بیر لە پینەوپەڕۆ دەكەنەوە، بێئەوەی پلان یاخود چارەسەرییەكیان لابێت، بۆیە بۆ مووچەی هەموو مانگێك پێویستە وەفد بنێرنە بەغدا! كاتێكیش مووچە دوادەكەوێت لەبری بیركردنەوە لە چارەسەر، ئیدی دەكەونە موزایەدە و نیشتیمانپەروەریی بەم میللەتە دەفرۆشنەوە، بێئەوەی بزانن تانكەرەكانی نەوت كە بەقاچاخ دەیفرۆشن رۆژانە ریزیان گرتووە و بەبەرچاوی ئێمەوە ئاودیو دەبن!
.
