ئیسرائیل هێرش دەکاتە سوریا و دەڵێت متمانەمان بە ئەحمەد شەرع نییە

یەک مانگ لەمەوپێش
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی ڕۆژی سێشەممە پێگەکانی حکومەتی نوێی سوریای کردۆتە ئامانج.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی ئەم هێرشانە دوای هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سوریا هات بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەی ناسەربازی نزیک سنووری ئیسرائیل.
کاتز ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ڕێگە نادات لە ناوچەی ناسەربازی پێشێلکاری و هەڕەشە سەرهەڵبدات.
ئەو وتیشی "بوونی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە ستراتژیکەکانی باشووری سووریا بۆ ڕێگری لە نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشە تیرۆریستیەکان تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێ."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە باشووری سوریا پێویستە ناوچەیەکی ناسەربازی بێت، وتیشی پەیامەکان بۆ ئەم مەبەستە نێردراوە و سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات.
کاتز لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە بڕیارێکی دەستبەجێمان دا بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت ڕژێمی سوریا ڕزگار بکات و میلیشیاکان بهێنێتە ناوەوە." وتیشی "لە هەموو کەناڵە پێویستەکانەوە پەیاممان نارد ئەگەر بێن هێرش دەکەینە سەریان".
سەبارەت بە حکومەتی نوێی سوریاش ئاماژەی بەوەدا کە ئەحمەد ئەلشەرع تەنها عەبا و جل و شێوەی قسەکردنی گۆڕاوە و ئیسرائیل متمانەی بە حکومەتی نوێی سوریا نییە.
