ئایا "کۆماری یەکڕەنگ" دەگۆڕێت؟

ئۆجەلان، ناوەندی بڕیاری ئاشتی لە تورکیاوە بردە ئیمراڵی
3 مانگ لەمەوپێش
بڕوا بەرزنجی
بڕیارەکەی ئۆجەلان تەنها ئەو دوو پەڕەیە نییە کە ئەمڕۆ خوێنرایەوە، بەڵکو پڕۆسەیەکی چەندان مانگییە و دەیان کاتژمێر گفتوگۆکراوە، ئەوەی ئەمڕۆ تەنها خوێندنەوەی هەواڵەکە بوو بۆ شەقامی کوردی و تورکی، ئەگەرنا دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە و پارتی و یەکێتی و ڕۆژئاوایش زۆر پێشتر ئاگاداربوون لەم بڕیارە.
هەموومان پرسیارمان زۆرە، مافی خۆمانە گومانمان هەبێت و پرسیار بکەین و بزانین بڕیارەکەی ئۆجەلان لە پێناو چی و چی بۆ کورد تیایە؟ بەڵام ئەم بڕیارە خۆی پێدەچێت ئەنجامی وەڵامی ئەو پرسیارانە بێت، بەڵام کاتمان دەوێت تا وەڵاممان دەستدەکەوێت. دەبێت لە شتێک تێبگەین، بۆ بڕیاردەرانی تورکیا زۆر قورسە باسی ماف و ئازادی کورد بکەن، لە کاتێکدا کۆماری تورکیا لەسەر خوێن و ئێسقانی کورد دروستکراوە و یەک سەدەی ڕێکە منداڵی تورک بەو خەیاڵە پەروەردە دەکرێت، کە هەر کەس لە تورکیا دەژی تورکە و کورد نەک لە تورکیا لە هیچ شوێنێک بوونی نییە، بۆیە ئێستا واقیعێک هاتۆتە پێش بۆ مانەوەی کۆمارەکەیان دەبێت مانیفێستۆیەکی نوێیان هەبێت کە تەواو دژی کۆمارەکەیانە، کەواتە ئەمە ئیشی ڕۆژ و هەفتە نییە.
لەجیاتی ئەوەی ئەوانیتر بڕیار لە کۆتاییت بدەن، خۆت کۆتاییەک هەڵبژێرە کە هەروەک بڕیاری یەکەم شۆڕشگێڕانە و مێژوویی بێت، دروستبوونی پەکەکە چەندە گرنگ بوو ئەم بڕیارەیش هێندە گرنگە، چونکە:
پەکەکە بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جەنگەوە، کاریگەری سەربازی ئەوتۆی لەسەر تورکیا نەمابوو، لەجیاتی وەک حەماس و حیزبوڵا، دوژمن کۆتاییەکەیان دیاری بکات، خۆیان کۆتاییەک هەڵدەبژێرن، کۆتاییەک لە ناچاریدا نا، کۆتاییەک لەسەر داوای ڕێبەرەکەی و لەپێناو پڕۆسەی ئاشتییدا، ئاشتی و دیموکراسی بۆ کەس گرنگ نەبێت بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە لە جوگرافیایەکی داخراوی پارچە پارچە بووی بێ دۆست و پشتیوان، بێ هێزی مرۆیی گەورە یان هێزی سەربازیی سەردەمی، لە بەرامبەر دوژمنانێکداین، کە لە زلهێزەکانی دنیان.
ئۆجەلان پەکەکەی لە مردنی ڕۆژگار بەسەرچوون ڕزگارکرد و دەیانکات بەخاوەنی پڕۆسەیەکی گرنگ و مێژوویی؛ کە کاریگەری لەسەر هەموو تورکیا و کوردیش لە باشوور و ڕۆژئاوا دەبێت.
ئۆجەلان، ناوەندی بڕیاری ئاشتی لە تورکیاوە بردە ئیمراڵی، هەروەک پەکەکەی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە کردە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز دژی "کۆماری یەکڕەنگ" وەک خۆی ناویدەنێت.
پەکەکە و ئۆجەلان، ئەوەی پێویستبوو کردیان، ملیۆنان کوردی مردوویان لە باکوور زیندووکردەوە، باوەڕ و ئیرادە و سیستەمێکی سیاسیی جیاوازیان پێشکەشکرد لەم ڕۆژهەڵاتە بێفیکر و ڕزیوەدا، کە ئەزموونی ڕۆژئاوا بەرهەمی ئەو فیکر و بەرنامەیەیە. بڕوام وایە ئامانجی یەکەمی ئۆجەلان لەم پەیامەیدا و لە پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارەدا، پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوایە، کە ئەزموونێکی زۆر گرنگ و مێژوویییە بۆ هەموو کورد و شایەنی ئەوەیە پەکەکە خۆی بکاتە قوربانی مانەوەی ڕۆژئاوا.
پڕۆسەی چەکدانان، تەنها بە داوایەک جێبەجێ نابێت، دەبێت یاسا و دەستووری لە تورکیا بۆ بگۆڕدرێت و زەمینەیەکی دیموکراسییانە و یاساییانەی بۆ دروستبکرێت؛ کە ئەمەیش بەرپرسیارێتی یەکەمی لای تورکیایە. کەواتە چەکدانان ئیتر کەوتۆتە سەرئەوەی تورکیا چی دەکات! دەی ئەگەر تورکیا ئەو زەمینەیە بڕەخسێنێت چەک چ مانایەکی هەیە!
خۆ ئەگەر تورکیایش ئەو زەمینەیەی نەڕەخسان، ئەوا قەندیل هەر قەندیلەکەی ئەمڕۆیە و هەروا بەزوویی ئەو هەموو پڵنگە کێوییە بە شاریی ناکرێن.
