سەرۆكی جەهەپە: ئەردۆغان ئاگادارى سات بەساتى دانوستانەکان بووە

یەک مانگ لەمەوپێش
سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئاگادارى سات بەساتى دانوستانەکان بووە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و خاوەندارێتى لە پڕۆسەکە بەستووەتەوە بەسەرکەوتنییەوە.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، ئەمڕۆ هەینى لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: من بە دروستی نازانم پارتێکی دەسەڵاتدار و ئەردۆغانى سەرۆکی وڵات لە ساڵی ٢٠٢٥دا گاڵتە بە عەقڵی میللەت بکات. لە چونکە زیاتر لە ساڵێکە دانوستان ئەنجام دەدەیت. شاندێکی چوار کەسین ، لەگەڵتان دەبن لەو کۆبوونەوانەدا کە ئەنجامی دەدەن.
ئەو وتیشى: ئەو چوار کەسە بەشدارى دانوستانەکانیان کردووە لەگەڵ ئۆجەلان و یەکێکیان دەسەڵاتى تەواوەتى هەبووە و پڕۆسەکەش زیاتر لە ساڵێکە لەنێوان دەوڵەت و ئیمراڵى بەڕێوەدەچێت.
جەختیشیکردووەتەوە، ئەردۆغان بەوردى و سات بەسات ئاگادارى دانوستانەکان بووە و جەختیکردووەتەوە کە ئەگەر پڕۆسەکە سەرکەوتنى بەدەستهێنا ئەوا ئەردۆغان خاوەندارێتى لێدەکات، لە ئێستاشدا تیمێکى یاسایی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن.
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، پێویستە ژینگەی متمانە بڕەخسێنرێت تاکوو چارەسەری پرسەکان بە رێگەی سیاسەتەوە بکرێت.
سەرۆکی جەهەپە راشیگەیاند، پارتەکەیان لە دژی هەموو جۆرە تیرۆر و توندوتیژییەکن و پێویستە پرسی کورد لە تورکیا لەژێر چەتری پەرلەمان بە بەشداری تەواوی پارتە سیاسییەکان چارەسەر بکرێت.
