بانکی ناوەندی عێراق دراوێکی ئەلیکترۆنی تایبەتی خۆی دروست دەکات

5 مانگ لەمەوپێش



 

بانکی ناوەندی عێراق دراوێکی ئەلیکترۆنی تایبەتی خۆی دەخاتە بازاڕی مامەڵەکانەوە، راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانیش ئەوە بە بازدانێکی گەورە لە سیستمی مامەڵە و شەفافیەت و رێگریی کردن لە سپیکردنەوەی پارە ناودەبات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) رایگەیاند: بانکی ناوەندی دراوێکی ئەلیکترۆنی تایبەتی خۆی دروست دەکات و هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە جێگرەوەی دراوی کاغەزی، ئەو هەنگاوە بازدانێکی گەورە و جۆرییە لە سیستمی مامەڵە و پارەدانی ئەلیکترۆنی نیشتیمانی.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەو هەنگاوە چەندین سودی هەیە لەوانە کەمکردنەوەی دزەکردن و تێچووی چاپ بکرن و دانانی سنورێک بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە دەرەوەی سیستمی بانکی، سەرەڕای کەمبونەوەی پێویستی بۆ چاپکردنی پارە بە بەردەوامی و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دراوی کاغەزی.
راوێژکاری سەرۆک وەزیران پێیوایە؛ دراوی ئەلیکترۆنی شەفافیەت دەستبەر دەکات  دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی مامەڵەی دراو بکرێت، لەگەڵ چاودێریی نەختینەی ژمارەیی و ئاڕاستەی مامەڵەکان، سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانە و وەبەرهێنانیش تێیدا ئاسانە، بە ئاسانی چاودێریی سەرمایە و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دەرەوەی وڵات دەکرێت و پاڵپشتییەکی بەهێزی روبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارەشە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: دراوی ئەلیکترۆنی پارێزگاریی لە ئەرکە نەریتی و کلاسیکییەکانش دەکات وەک یەکەیەکی ژمێریاری، لەگەڵئەوەی لە رێگەی ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەکیشەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش هاوبەشییەکی باشە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دارایی زیاتر سەقامگیر و پێشکەوتوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار