فالح فەیاز: یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەنگی لەسەر دەدرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، لەم ساڵدا دەنگ لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەکەیان لە پەرلەمان دەدرێت. ئەندامی لیژنەی داراییش ئاماژە بەوە دەکات، لە نێوماڵی شیعەدا ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە دا هەیە.
ئەمڕۆ (شەممە، 1ـی ئایاری 2025) فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی، بەرهەمی هەوڵی چەندین ساڵەیە، لە ئاییندەدا دەنگ لەسەر یاسای دەستەی حەشد دەدرێت بۆئەوەی ببێتە پاڵپشتییەکی یاسایی و دواتر دەنگ لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینی دەدرێت. کە هیوادارین لەم ساڵدا یاساکە تێپەڕێندرێت."
فالح فەیاز دەڵێت، "ئێمە لە دەستەی حەشدی شەعبی، بەرژەوەندیی دەستەکە و موجاهیدەکانی دیاریدەکەین، یاسای خزمەت و خانەنشینیش بەرهەمی هەوڵەکانمانە و چەندین ساڵ لێکدانەوە و ئامادەکاریمان بۆ کردووە."
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاندووە، "هەندێک هەن بە هۆکاری سیاسی دەیانەوێت بەوجۆرە وێنامان بکەن کە گوایە ئێمە دژبەری ئەو یاسایەین، ئەوەی بابەتەکەی بە تەمەنی خانەنشینی بەستووەتەوە، دیارە ئەو کەسە بەباشی یاساکەی نەخوێندووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە سەرۆکی دەستەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەرکانەوە هەیە."
هاوکات مەحاسن حەمدوون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، "دیارنییە کەی ئەو یاسایە تێدەپەڕێندرێت، چونکە لە نێوماڵی شیعەدا ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە هەیە، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی باسی خانەنشینبوونی فەرماندەکانی حەشد دەکات."
مەحاسن حەمدوون دەشڵێت، "ئەگەر تەمەنی خانەنشینبوون لە یاسای حەشد دا هاوتای تەمەنی خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵی بێت، ئێمە وەکو لایەنە سوننییەکان کێشەمان لەگەڵیدا نابێت، بەڵام دەبێت ئەوان لە پێشدا لەنێو ماڵی خۆیان لەسەری کۆک بن."
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد، بۆ پەسندکردنی.
لە رابردوودا پەرلەمانی عێراق، چەندین جار دەنگدان لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دواخستووە، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەکە ناکۆکن.
ئەو ناکۆکییانەش لە دەوری دوو پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە کە هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خراوەتەڕوو، ئەوەی دیکەش بریتییە لە پرسی تەمەنی خانەنشینیی تایبەت بە فەرماندەکانیان.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014، دامەزرا.
لە ساڵی 2016، حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێندرا و لەپاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی.

