ئیسرائیل گەیاندنی یارمەتی ڕاگرتووە تا حـ.ـەماس بەڕێککەوتن ڕازى ببێت

21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسڕائیل لەم هەفتەیەدا پلانێکی خستەڕوو کە بە پلانی ئەمەریکا ناویبرد، پلانەکە جیاوازە لەوەی کە لە مانگی یەکدا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، هەروەها هەوڵ دەدات حەماس ناچار بکات پەسەندی بکات، ئەوەش لە ڕێی ڕاگرتنی گەیاندنی یارمەتییەکانەوە بۆ کەرتی غەززە.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پلانەکەی بە " پلانی ویتکۆف " ناوبردووە، دەڵێت پلانەکە لە نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفەوە خراوەتەڕوو. بەڵام کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا ئەو پلانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنها ئەوەندە دەڵێت کە پشتگیری لە هەر کارێکی ئیسڕائیل دەکات.
لێدوانەکانی نەتانیاهو ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆتایی هات، تاوەکو ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک نیە سەبارەت بەوەی دواتر چی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی کە هێشتا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نەکراوە.
پلانە نوێیەکە داوا لە حەماس دەکات نیوەی ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە و بەڵێن دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی. ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا بەپێی ئەم پلانە نوێیە زیندانی فەلەستینی زیاتر ئازاد دەکات یان نا، کە ئەوە بەشێکی سەرەکی قۆناغی یەکەم بوو.
حەماس ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکەی ئێستا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، حەماس و ئیسڕائیل دەبێت گفتوگۆ بکەن لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لە بەرامبەردا ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، هەروەها کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە و ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەوبارەیەوە نەکراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل گەیاندنی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ کەرتی غەززە ڕاگرت و هۆشداریدا و وتی ئەگەر حەماس ڕازی نەبێت بە پێشنیارە نوێیەکە ئەوا " دەرەنجامی زیاتر " دەبێت.

