سری سورەیا ئۆندەر: لەوانەیە بچینە ڕۆژئاواش

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەم پرۆسەیەی چارەسەریی پرسی کورد کردو ئاشکرایدەکات ڕەنگە لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
لەبارەی سەردانەکانی ئیمراڵییان، لەکاتێکدا ئۆندەر سەرۆکی شاندەکەیە، ئاماژە بەوەدەکات ساڵی 2012 پرۆسەیەکی هاوشێوەیان دەستپێکرد کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندوە.
لەبارەی پێشوازیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەڵێت: کەسێکە دەیناسین و تواناکەی دەزانین. پێشوازیی کرد، شوێنی دانیشتنی نیشانداین، بێگومان نزیکەی 10 ساڵ بوو یەکدیمان نەبینیبوو، بۆیە باوەشمان بەیەکداکرد و دواتریش دانیشتین. لە تەندروستیی پرسیم، پرسیاری لە کاتی گرتووخانەی کرد و لە هاوڕێکانی پرسی. لە کاتی ئاساییدا پەروین خان دەستپێدەکات و دواتریش من قسە دەکەم، ئینجا ئەو (ئۆجەلان) بیرۆکەکانی دەخاتەڕوو. بەرپرسانی دەوڵەتیش لەوێ دادەنیشن و ژمارە و شوێنەکانیان دەگۆڕێت.
ئەو وتیشى: ئەمجارەیان ئێمەی وەستاند و گوتی، ئەمجارە با کاتەکەمان باشتر بەکاربهێنین، پرسیارم هەن و من قسە دەکەم، جاری داهاتوو ئێوە چیتان هەبوو بیڵێن.
لەبارەی ناوەرۆکی قسەکانی ئۆجەلان، سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بۆچی ئەو هەنگاوەی ئێستای لەڕووی مێژووییەوە گرنگە. هەروەها باسی لە رەهەندی فەلسەفیی ئەو هەنگاوەی کرد.
ئۆندەر سەبارەت بە قۆناخی چەکدانان و هەڵوێستی ئۆجەلان، گوتی: "ئەو لە پرۆسەی چارەسەریی رابردووشدا گەیشتبووە ئەو بۆچوونە. کەسانێک زۆر بێویژدانانە لەمبارەیەوە قسەیان دەکرد. ئەمە لەکاتێکدایە دایکانیش گوێ بۆ ئەمە دەگرن. با ئەو خەڵکە دایکێک و خەمەکانی ئەو دایکە بهێننە بەر چاوی خۆیان، ئینجا قسە لەسەر بابەتەکە بکەن".
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی هەر لەبارەی هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کرد کە زۆر کەس سەرسام بوون بە بیستنی شتێکی وەها و گوتی: "بەڕێز مەسعود بارزانیش گوتی، سەیرە! سێ رۆژ بیرم لێکردووەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە ئاکپارتیش بیری لێکردووەتەوە".
سری سورەیا ئۆندەر گوتی: "سیاسەت بۆ مرۆڤەکان دەکرێت. لێرەدا مرۆڤ جێی باسە. خراپترین سزا کە سیاسەتڤانێک رووبەڕووی ببێتەوە ئەوەیە کە بە درۆزن بناسرێت. چونکە ئەوکاتە رووی سەیرکردنی رووخساری خەڵکت نابێت، با ئەمە بخەینە لاوە. چەک لە دەرەوەی بازنەیە، ئەمە هەمووان دەگرێتەوە؛ بەڵام من بە پێداگرییەوە دەڵێم، لەوانەیە لەگەڵ خاتوو پەروین بڕۆینە رۆژئاڤاش."
دەشڵێت: "لەوانەیە کێشە هەبن و مەقەسی نێوان پەکەکە و کەجەکە یەک نەگرێتەوە. ئێمە باس لە کێشە دەکەین و دەبێت چارەسەری بکەین، لەسەرمانە چارەسەری بکەین. ئیدی ئەمە پرسی هاوبەشی ئێمەیە. چی باش بێت، سەرنجمان دەخەیەنە سەر ئەو شتە".

