لوتکەى نائاسایى قاهیرە لەبارەى غەززە بەڕێوەدەچێت

3 مانگ لەمەوپێش



بڕیارە ئەمڕۆ لوتکەى نائاسایى قاهیرە بە بەشدارى ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانى عەرەبى بەڕێوەبچێت و تێیدا پەرەسەندنەکانى کەرتى غەززە و خاکى فەڵەستین گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
لە لوتکەی قاهیرەدا باس لە پێشهاتە نوێیەکانی پرسی فەڵەستین دەکرێت، لەگەڵ ئەگەری هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە کەرتى غەززە و رەتکردنەوەى گواستنەوەیان بۆ شوێنێکى دیکە.

رۆژى دووشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەى وڵاتانى عەرەبى بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە گەیشتوونەتە میسر.
بڕیارە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە لوتکەکەدا وتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی دۆخی فەڵەستین، هەروەها لە پەراوێزی لوتکەکەدا چەند کۆبوونەوەیەک دەکات.

هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە یاوەری شاندێک، گەیشتووەتە قاهیرە و بەگوێرەى میدیاکانى سووریا بڕیارە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر بەشداری لە لوتکەکەدا بکات.
لە کۆبوونەوەى شەوى رابردوویاندا وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى گفتوگۆیان لە بارەى هەڵوێستێکى یەکگرتووی عەرەبى کردووە لەگەڵ پەیڕەوکردنى پلانێکى گشتگیر بۆ دووبارە بنیادنانەوەى کەرتى غەززە.
بەگوێرەى ئاژانسى رۆیتەرز، پلانە میسریيەکە خۆدەبینێتەوە لە فەرامۆشکردنى بزووتنەوەى حەماس لە کەرتەکە و بەڕێوەبردنى لەلایەن دەستەى کاتییەوە بەسەرپەرشتى وڵاتانى عەرەبى، ئیسلامى و رۆژئاوایى.

ئەوە لەکاتێکدایە کە وادەى جێبەجێکردنى پلانەکە ئاشکرا نەکراوە جگە لەوەى چۆنیەتیی پارەدارکردنى پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى کەرتى غەززە نەخراوەتەڕوو.
رۆژى 25ـى کانوونى دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانی بۆ راگواستنى غەززە دانا بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە رەتیانکردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار