وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەحمەد شەرع تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدەیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا و بە "تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدە" ناوی دەبات؛ دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزێت.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "جۆلانی (ئەحمەد شەرع) جلەکەی خۆی گۆڕی و کردییە قات و بۆینباخ، دەموچاوێکی میانڕۆی پیشاندا. ئێستا جۆلانی ماسکەکەی خۆی فڕێداوە و رووخساری راستەقینەی خۆی دەرخست."
کاتس لە باسی شەرع نووسی: "تیرۆریستێکی جیهادی سەر بە قوتابخانەی قاعیدەیە، تاوانی تۆقێنەر بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل دەکات."
رۆژی 05-03-2025 لە پارێزگەی لازقیەی رۆژئاوای سووریا، چەند چەکدارێکی عەلەوی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشت.
شەڕەکە گەورەبوو و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای سووریا، لەوانەش جەبلە، تەرتووس و بانیاسی گرتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند: "ئیسرائیل دژی هەر هەڕەشەیەکی سووریا بەرگری لەخۆی دەکات"، بەڵێنیشدا سوپاکەیان لەو ناوچەیەی سووریا دەمێنێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە.
کاتس گوتی: "پارێزگاری لە درووزەکان دەکەین؛ هەرکەسێک ئازاری ئەوان بدات، پێویستە وەڵامی ئێمە بداتەوە".
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە.
شەوی هەینی، ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە چەکدارانی عەلەوی کرد " پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، خۆتان بەدەستەوە بدەن"، داوای لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی کرد، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن.
شەرع رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە و گوتی: "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. ئەگەر دڕکێک بە پارێزگەیەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن."
