سوریای جۆلانی و دۆزەخی جەنگی مەزهەبی

نەوزاد ساڵح
7 كاتژمێر لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
دیمەنی کۆمەڵکوژیەکانی هاوڵاتیانی سڤیلی لازقیە و تەڕتوس لە سەرکۆڵان و شەقامەکان لەڕۆژانی ڕابوردوودا بە پاساوی پشتیوانی ڕژێمی پێشوو لەسەر دەستی چەکدارانی هەتەشە ئاماژەی ترسناک و تراژیدیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەنگاوەکانی پێکەوە ژیان و ئومێدی ئاسوودەییان تاقەت پڕوکێن کرد.
تاوان و کۆمەڵکوژیەکانی ئەسەد و شەبیحە عەلەویەکان کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە کورد و سوننەکانی سوریا ئەنجامیاندابوو دووبارەبوونەوە و هەمان سیناریۆ بەسەر عەلەویەکاندا جێ بەجێ کرا.
شاگەشکەبوونی ئیسلامی سیاسی بە سەرۆکی کاتی سوریا محمد جۆلانی زۆری نەخایاند و دەمامکی ڕاستەقینەی سەرۆک هەڵماڵراو بێ خۆ پێگیران هاتەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی.
سڵاو سەرۆک
سەرۆک دەزانیت هەرلەسەرەتاوە پشتگیریی و بەرگریەکی کوێرانە لە تۆ کرا بێ خوێندنەوە بۆڕابوردووت، کەم نەبوون ئەوانەی ئێستاش خەوی غەفڵەت بەری نەداون و وادەزانن شەڕی بەدرە و تۆش هەر خەلیفەی سەرکەوتوویت!
دەپرسین دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد ونغرۆبوونی ئەو سوپایە کامەیە سوریای پڕ لە جیاوازی؟
ڕەوتی ڕوداوەکان نموونەی حوکمی نادادی ئێوەی دەرخست، دەرکەوت چ هێزگەلێکی ترسناکت بەردایە گیانی کەسانی سڤیل.
موجاهیدەکانت پیر و مناڵ و ژنیان پێکەوە کۆمەڵ کوژ کرد، عەلەوییەکان هەرچی بن مرۆڤن ومافی ژیانیان هەیە، ئیسلام کەی ئاوا لەگەڵ مرۆڤدا مامەڵە دەکات مەگەر پێغەمبەر محمد د.خ لە هەموو جەنگەکاندا ئەگەرچی لەگەڵ کافر و نەیاریشدا دەیکرد نەیدەفەرموو پیر مەکوژن – مناڵ و ژن مەکوژن، تاڵانی مەکەن و ڕێز لە دیلەکان بگرن، ئەمانە هەمووی لە عەهدی تۆدا کران، دەزانیت لە دوای زەواهیری و زەرقاوییەوە کەس بەقەدەر تۆ نەکەوتە گیانی مرۆڤگەلێک کە سەدان ساڵە زووخاودەچێژن.
ئەمە بوو رزگاربوون؟
گروپ و چەتە و چەکدارەکانت بە ڕادەیەک موبتەلای خوێن ڕشتنبوون کە ڕێک هاوشێوەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی شەنگال و ئەنفالیشی تێ پەڕاندووە، هەڵگرتنی دەستنوێژ بەخوێنی پیرەمێردێک و بردنی سوجدە لەسەر پشتی گەنجێک سواربوونی و لێخوڕینی وەک ئاژەڵ دەیسەلمێنێت کە ئێوە چ جۆرە مەخلوقێکن...
پێم ناڵێیت دەتەوێت چی بکەیت؟
دەتەوێت بە پیشاندانی ئەم خوێن ڕشتنە کورد و دروز لێتان تێ بگەن ئەوان باش لێتان تێ گەیشتوون و دەتانناسن.
کۆمەڵکوژی نەژادی عەلەوییەکان دەری خست کە چەند دادپەروەرن؟
ئەگەر پێتوایە ئەو نەخشە و فریودانەی کە سوڵتانی تورکیا دایڕشتوە سەردەگرێت زۆر سەهویت.
ئەو لە قاڵبدانە ئاسان نییە و کاری تۆش نیە دڵنیابە زەبری میلیتاریزم و تاکڕەویی و خۆسەپاندن زۆر ناخایەنێت!
هەرچەندە سوڵتان مەعاویە ئاسا لە خەمی جوانکردنی شێوەی تۆدایە بەڵام بێ سوودە و هەرزوو چویتەوە سەر کاری سروشتی خۆت.
لە کۆتاییدا دەڵێین تۆ تەوقەت لەگەڵ ژنە چالاکوانێک نەکرد نەبا دەست نوێژەکەت بشکێت، بەڵام ئەمڕۆ بەخوێنی دەیان خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی لازقیە دەستنوێژت هەڵگرت .
تۆ توانیت شێوەو پۆشاکت بگۆڕیت وەلێ ناخت نا!
