لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٩"

عەبدولڕەزاق شەریف

23 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

    هەفتەکانی مانگی یەکەمم لە میدیای گۆڕان، بەسەختی بەڕێکرد. موچەی هەڤدە کەسم بڕی کە هیچیان کاری ڕەسمییان لە میدیاکەدا نەبوو، دەوامیشیان نەدەکرد! ئەوانەی دەوامیشیان دەکرد لێم کەوتبوونە پرتەوبۆڵە، ئەبوایە توند بم و هەندێ بڕیاڕ و رێنمایی توند دەربکەم.

 وەرگرتنی ڕیکلامی بازرگانیم ڕاگرت و دەسەڵاتم لە بەڕێوەبەری کارگێڕی وەرگرتەوە، ئەوەش دەستەیەکی توڕەکرد کە بەرژەوەندی مادی و نیسبە و تەناسوبیان لە پارەی ریکلامەکاندا هەبوو، بە ڕادەیەک هەندێکجار سەد دەر سەدیان، ژێربەژێر بۆ خۆیان بردبوو. هەندێک کەس ڕۆژانە لە دەرەوەی میدیا و ناوخۆی میدیا بە "زارەکی، راپۆرت، وێنە و ڤیدیۆ" زمانلێدان و زانیاری ڕاست و درۆیان بە نهێنی لەسەر ئەوانیتر بۆ دەهێنام، بەڕادەیەک جگە لەبێزاری، توشی بێئومێدی بوم لە بزوتنەوەکە و لەو گەنجانەی لە سەرەتای کاری سیاسی و ئیعلامیدا بوون، هێندەی بەڕێوەبەری ئاسایشێک زمانلێدانی ئەم و ئەوم پێدەگەیشت کە پێشتر هەرگیز بڕوام نەدەکرد گۆڕان و هیچ حیزبێکی تری ئۆپزسیۆن ئەوەندە کادری چاپلوس و ماستاوچی و دووڕووی دروستکردبێت. بۆم دەرکەوت ئەو ئاوەی پارتی و یەکێتی بەکوردستاندا ڕشتبوویان، قاچی هەموو کۆمەڵگەی تێکەوتووە!

 ڕووداوێک لەوبارەیەوە کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە:

 کادرێک کە بەزمانلێدان لەسەر هاوڕێکانی خۆی بۆژۆی کردبووم، هەموو جارێکیش داوای ئەکرد بە لێپرسراوی بەشەکەی خۆی دایبنێم! تا گەیشتە ئەوەی بە توڕەیی وتم چیتر ڕاپۆرت و زانیاری لەسەر هاوڕێکانت بۆ من مەنێرە، لە ئێستاوە گەردنی هەموویان لە هەموو جنێوەکان و قسەکانیان لەسەر من ئازاد بێت.

 هەمان ئەو کادیرە هەفتەی یەکەمی دەرکردنم لە بزوتنەوەکە، وتارێکی توندی ناشرینی بە ناوەرۆکی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" لەسەر من نووسی!

  لە هەنجەت و لەپەرێزا بووم بۆ لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێجی کارەکان، بەڵام لە جێگەی ئەوانیتر، دوو کەس خۆیان بەدەستەوەدا کە تا ئەوکاتە ڕاگری ئیشوکارەکانی تەلەفزیۆنەکە بون. شەڕێکیانکرد و بە ناچاری و دەمودەست هەردوکیانم دەرکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوەم لەسەر پێکهێنان، وێنەیەکی فەرمانەکەشم بۆ رێکخەری گشتی نارد، خوا هەڵناگرێ بەدەم لیژنەکەوە نەهاتن و بۆ تەلەفزیۆنەکەش نەهاتنەوە.

 ئەو ئێوارەیەش وەک رۆژانیتر بۆ هەواڵێک یان پەیامێکی نوێ چوومە لای نەوشیروان مستەفا، بەڵام پێش هیچ پرسیارێکی من، ئەو پرسیاری لە شەڕ و ئاژاوەکەی نیوەڕۆی ئەو رۆژەی ناو باڵەخانەی تەلەفزیۆنەکە کرد.

وتی: راستە ئەو دوو کوڕە ئاوها خراپ بوون و ... .

 بە قسەکانیا بۆم دەرکەوت زمان بەدەکان هەر زوو فریا کەوتون، بێویژدانانە قسەیان لەسەر کردون، بۆیە لەوەڵامدا وتم :

+ پرسیارم نەکردوە، ناردومنەتە ماڵەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوەم پێکهێناوە لە ئەنجامەکەی ئاگادارت ئەکەمەوە.

وتی: کارێکی باشتکرد، منیش لە پێشمەرگایەتیدا هەرکات دوان لە پێشمەرگەکانی لای خۆم یان لەهەر مقەڕێک شەڕیان بکردایە پرسیارم نەئەکرد خەتای کامیانە یەکسەری هەردوکیانم نەقڵ ئەکرد.

 وشەی (نەقڵ) ی لەبری گواستنەوە بەکارهێنا.

  هیچ بەرپرسێکی بزوتنەوەکە، خەم و هەمی رۆیشتنی ئەو دو کادرە و نەهاتنەوەیانی لە کۆڵی خۆی بارنەکرد، وەک خۆی تێپەڕی بەڵام دوای ماوەیەک و کاتێ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئیدارە و دیارنەمان و قاچوقوچی پارەی ڕیکلام پێکهێنا کە بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری ساڵانە مەزەندە دەکرا، دەیان بەرپرسی بزوتنەوەکە سەرەتا بەتەکلیف و قسەی خۆش، دواتر بە هەڕەشە هاتنە سەرخەت و کەوتنە ناو باسەکەوە!

  رزگاری حاجی کایل، کە دوای ساڵانێکی زۆری هاوڕێیەتی نەوشیروان مستەفا دەستی لە پارەوە گیر بووبوو، کۆمپانیا و بازاڕ و بەرژەوەندیەکانی خۆی لە سایەی ئەودا ئەپاراست، بەئاشکرا و روبەرو پێی وتم:

+ من و کاک نەوشیروان بەقسەی "عومەر و جەمالە شەل" توڕە مەکە! بەڕێوەبەری پێشو بکە بە راوێژکار لە میدیاکە و ئەو کوڕەش  کە لەسەر پارەی ریکلام دەرتکردوە وەری بگرەوە، من خۆم پارەم بە تەلەفزیۆنەکە داوە، ئەم داوایەی من قەبوڵ بکە ئەزانم باری دارایی میدیاکە باش نیە، هەرکات پارەت هەرچەنێ پێویستبو وەرە و لای خۆم و لەقاسەکەم وەریبگرە، پێشی وتم لە ئەگەری قەبوڵنەکردنی داواکەیدا، من چیتر ناتوانم لەو تەلەفزیۆنە بمێنمەوە!

 دەیان ساڵ بو رزگارم دەناسی و دەشمزانی چۆن بۆتە بزنسمان و بەچی پارەکانی پەیدا کردوە! پێم ناخۆش بو بەوشێوەیە ناوی هاوڕێکانمان بهێنێت، بەرۆحێکی زۆر ساردەوە وتم :

+ هیچ داوایەکت لای من قەبوڵ ناکرێت، لەمڕۆوە تۆ مەهێڵە من بەرپرسی ئەو تەلەفزیۆنە بم.

  رۆژانی دواتر و بۆ دڵنیایی خۆم ژمێریاری میدیای گۆڕانم راسپارد کۆی یارمەتیەکانی "رزگار" بەدرێژایی ئەو ساڵانە ژمێرە بکەن و کۆیبکەنەوە، زانیم کەتەنیا سەد هەزار دۆلاری پێشکەشکردوە، بەرامبەری ئەوە و دەیان هێندە زیاتریش، ریکلامی بازرگانی بەلاشی لە تەلەفزیۆنەکەوە بۆ پەخشکراوە!

 راگرتنی دەستوەردانی رزگار و تەکەتولە بەرژەوەندیخوازەکەی ئەو کە "حەمە تۆفیق رەحیم" لەناو بزوتنەوەکەیا نوێنەرایەتی ئەکردن، بە "سەید عومەر و جەمال" نەدەکرا، بەناچاری هانام بۆ رێکخەری گشتی بردەوە.

 وتم: تکات لێدەکەم شەڕی "رزگاری حاجی کایل"م لێدوربخەرەوە. لە بێ وەڵامەیەکەیدا، بۆم دەرکەوت شکایەتی ئەوانیشی لەسەر من پێگەیشتوە.

 چەند رۆژێک تێپەڕی و بێ موناسەبە پێی وتم :

- جارێکیتر "رزگار، هیچ پەیوەندیەکی بەخۆت و هاوڕێکانتەوە نامێنێت".

  ئەزمون و تەمەنی کاری سیاسی و رێکخراوەییم وایکردوە بە یەقینەوە بزانم کە هەمو ئەو سەرمایەدار و پارەدارانەی هەرێمی کوردستان کە بەناوی کاری خێرخوازیی، پشتیوانی دامودەزگای کۆمەڵی مەدەنی و تەنانەت مزگەوتیش ئەکەن، خێر و زەکاتەکانیشیان بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە و هیچیتر!

  جارێکیتر و لە ماڵەکەی خۆی نەوشیروان مستەفا، منی  بە "نەوزەر جاف" ناساند،  ئەو بەزمانی گلەیی شکایەتی لێکردم بەوەی لە کێشەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "ئاسیا سێڵ" میدیای گۆڕان هاوکاری نەبون، بەیاننامە و رونکردنەوەکانی بۆ بڵاونەکردۆتەوە، لەگەڵیا دڵسۆزی و هاوکاریەکانی خۆی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەڕومانادا ئەدایەوە، هێشتا قسەکانی تەواو نەکردبو خاوەن ماڵ پشتیوانی کرد، وتی :

- نەوزەر، زۆر هاوکاری ئێمەی کردوە دەبوایە بۆت بڵاو بکردایەتەوە.

وتم:  ئێمە ناچینە شەڕی نێوان کۆمپانیا بازرگانیەکانەوە، میدیای گۆڕان پرۆژەیەکی سیاسیە، ئەمە رێنمایی خۆتە، بۆیە بە دڵی ئەومان نەکرد!

 لەگەڵ ئەم وەڵامدانەوەیەمدا، روخسەتم وەرگرت و بەجێم هێشتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار