پەرلەمانتارانی کوردستان زیاتر لە 2 ملیار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە

5 ڕۆژ لەمەوپێش



 

دامەزراوەی پەی ئاشکرای کرد؛ ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700  ملیار دینار.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: ئەو رەوشەی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا راگوزەراوە پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە کە لە لیستەکان لە سەروبەندی بانگەشەدا بە دەنگدەرانیان داوە، ئۆباڵیشی دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی بەرپرسیارن لێی.

دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون یەک هەڵوێست نین و دابەش بوون کاریگەرییان بەسەر گۆڕانکارییەکانەوە نییە، هەندێکیان هەڵوێستیان بەرپرسیارانەیە و گوێیان لێ ناگیرێت، هەندێکیان لاوازن، هەندێکیان چاویان لە دەستکەوتە و هەندێکیان یارییەکی قێزەون دەکەن لەنێوان دوو هێزە سەرەکییەکیەکەدا.

بەپێی راپۆرتەکەی پەی؛ دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە.

ئەو پەرلەمانتارانە هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700.000 دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار.

لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8.200.000 هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7.700.000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23.100.000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە.

ئەو پەرلەمانتارانەشی کە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنها ئەو پەرلەمانتارانەن کە سوێندی یاساییان نەخواردووە، ئەوانیش (عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی، لاهور شێخ جەنگی).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار