سی پی تی: لەمانگی چوار تورکیا 210 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێم ئەنجامداوە

19 كاتژمێر لەمەوپێش



 

تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی) دەڵێت، لەدوای پەیامەکەی ئۆجالان و ئاگربەستی تاکلایەنانەی پەکەکە، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان زیادکردووە و لە مانگی نیساندا 210 هێرش و بۆردومانی کردووە.

لە نوێترین ئاماریدا رێکخراوەکەدا دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا لە مانگی نیساندا 78% بەراورد بە مانگی رابردوو زیادیکردووە، زۆرترین هێرش و بۆردومانیش لە دهۆک ئەنجامدراوە، بەشێکیشی لە هەولێر و لە سلێمانیش هیچ بۆردوومانێک نەکراوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لەکۆی 210 هێرش و بۆردومانی تورکیا، 198یان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، ئەمەش دەکاتە 98%ـی هێرش و بۆردومانەکان. لە سنووری پارێزگای هەولێریش رێکخراوەکە 12 هێرش و بۆردومانی تۆمارکردووە، واتە 8%ـی کۆی گشتی هێرش و بۆردومانەکان.

رۆژی 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکیدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. چەند رۆژێک دواتر پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنانەی راگەیاند.

سی پی تی دەڵێت، “ئەم زیادبوونە لە هێرش و چالاکیی سەربازی سوپای تورکیا ئاماژەیەکن بۆ گەڕانەوەی ئاستی هێرش و بۆردومانەکان بۆ پێش کاتی ئاگربەستەکە، ئەم زیادبوونە بەتەواوی لە سنووری قەزای ئامێدی تێبینیکراوە کە بە تەنها 92% هەموو هێرش و بۆردومانەکانی مانگی نیسانی تێدا تۆمارکراوە.”

لە ئامارەکەدا هاتووە، لەکۆی ئەو 210 هێرش و بۆردومانانەی سوپای تورکیا، 42 هێرشیان ئاسمانی (فڕۆکە و درۆن) بوون، 14 هێرشی هێلیکۆپتەر و 153 هێرشیان تۆپباران بوون، یەک هێرشیش لەرێگەی تەقەکردن بە چەکی سووک بووە و بەهۆی ئەم هێرشانەوە خانووی سێ هاووڵاتی بەتەواوی خاپور بوون و دوو خانووی دیکەش زیانیان بەرکەووتووە.

سی پی تی دەڵێت، کۆی هێرشەکانی سویا تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە 616 هێرش کە بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار