سەرچاوەیەکى ئەنجومەنى وەزیران: سبەینێ یان دوو سبەی پارە دێت

3 مانگ لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاگەیاند، گرفتی موچە نزیکە لە چارەسەر و بە ئەگەری زۆرەوە سبەینێ یان دوو سبەی پارەی موچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێم دەکرێت.
دابەشكردنی دواین مووچە لە هەرێمی كوردستان 43 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە كە مووچەی مانگی ئاداربوو، ئێستا نزیك دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار و هێشتا فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەی مانگی نیسانن، داهاتی ناوخۆ كێشە سەرەكییەكەی ناردنی پارەیە لەلایەن بەغدادەوە و بووەتە سەرەخۆرەی مووچە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە، ئەوەى ئاشکراکرد، گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و تەیف سامی وەزیری دارایی کراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مانگی چوار.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەینێ گرفتەکان چارسەر دەکرێن و پارەی موچەی مانگی چواری فەرمانبەران رەوانەی هەرێم دەکرێت.
بەوپێیەش بێت، کە مانگانە حکومەتی هەرێم لەگەڵ ناردنی پارەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا موچەی مانگی چواری موچەخۆران دابەشدەکرێت.
بە پشتبەستن بە لیستی مانگەکانی رابردووش، تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرجەم موچەخۆران موچەی مانگی چوار وەردەگرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی سێی موچەخۆراندا رۆیشتووە، کە حکومەتی هەرێم لە رۆژی 27ی مانگی ئازاردا موچەی مانگی سێی دابەشکرد.
17 رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عێراق رێوشوێنەكانی دابەشكردنی مووچەی دەستپێكرد و هەرێمی كوردستانیش لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كرد، دوای چەند رۆژێكیش شاندێكی تەكنیكی ناردە بەغداد تا وەڵامی تێبینیەكان لەبارەی لیستی مووچە بداتەوە.

